دواین هەواڵ

جیهان‌

 05/11/2024

ئەمریکیەکان سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێرن

هەرێم نیوز
دوای ململانێیەكی توندی نێوان هەردوو كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان و كامالا هاریس، كاندیدی دیموكراتەكان، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژداردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا چووە قۆناغی بێدەنگییەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بە كاتی كوردستان و بەیانی بەكاتی ئەمریكا، بنكەكانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا بكرێنەوە، نزیكەی (240) ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، زیاتر لە (94) هەزار ناوەندی دەنگدانیان بۆ ئامادەكراوە، لە هەر پەنجا ویلایەتەكەی ئەمریكا لەگەڵ كەرتی كۆلۆمبیا.

بەگوێرەی میدیاكانی ئەمریكا، زیاتر لە (81)ملیۆن كەس لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا دەنگیان داوە.

بەگوێرەی یاساكانی ئەمریكا، رێگە دراوە بە دەنگدەر ئەمریكی بەشێوازی جیاواز دەنگی خۆی بدات، لەڕێی دەنگدانی پێشوەختەوە بێت یان دەنگدان لەڕێی پۆستەوە یان دەنگدان لەدورەوە (ئامادەنەبوو لە وڵات) یان دەنگدانی تاكە كەسی لە ناوەندەكانی دەنگدان.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە بە مێژویترین هەڵبژاردن دادەنرێت لەچەندین روەوە، (60)مین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیە لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت و تیایدا ئەمریكییەكان (47)هەمین سەرۆكی وڵاتەكەیان دیاریدەكەن، كە پێدەچێت ئەنجامەكانی چەند رۆژێك بخایەنێت، بەهۆی نزیكی دەنگەكانی هەردوو ركابەرەكە، ترەمپ و هاریس لە یەكتر، ئەوەش بەپێی زۆرینەی ئەو راپرسیانەی كە بەدرێژایی ماوەكانی رابردوو ئەنجامدراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP