دکتۆر ئامانج محمد صالح -پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست
نەخۆشییەکی پێستە کە بە ھۆی کەڕووەوە دروست دەبێت ، بە ملیۆنان جۆری کەڕوو ھەن کە لە ناو پیسی ، لەسەر ڕووی ڕووەک و رووی کەلوپەلی ماڵ و لەسەر پێست دەژین ھەندێک جار دەبنە ھۆی کێشەی پێست وەکو پەڵە یان برین .
دەتوانێت لە ھەر شوێنێکی جەستە دروست ببێت نیشانەکانی بریتین لە خوران ، سوربونەوە ، ئاوسان ، روشانی پێست ...
ھەوکردنی کەڕوویی جۆری زۆرە لێرەدا باوترینیان باس دەکەین :
ھەوکردنی کەڕڕوویی پێی وەرزشەوان : بە ھۆی جۆرێکی کەڕوەوە دروست دەبێت لە پێیەکان ، لە شوێنە گەرمەکانی وەک پێڵاو ، گۆرەوی ، مەلەوانگە ، ژووری خۆگۆڕین لە شوێنە گشتییەکان و لە دوشە گشتییەکاندا گەشەدەکات ، ئەم ھەوکردنە زیاتر لەو کەسانە ڕوودەدات کە پێڵاوی تەنگ لە پێ دەکەن و گۆرەوییە ئارەقاوییەکان ناگۆڕن و حەمام و حەوزی گشتی بەکاردەھێنن .
جۆرێکی تری کەڕوو کە پێی دەوترێ تینیا دەبێتە ھۆی ھەوکردن لە شوێنە گەرم و شێدارەکانی جەستە وەک ئەندامی زاوزێ و ناوەوەی ڕان و دەوری کۆم ، ئەم ھەوکردنە زیاتر لە ھاوین و تەڕی و شێداری دروست دەبێت کە وەک پەڵەیەکی سور و خوران و شێوە ئەڵقە دەردەکەوێت .
کرمی ئەڵقەیی : بەم جۆرە ناوی لێنراوە بە ھۆی پەڵەی شیوە ئەڵقەیی و لێوارێکی وەک کرم ، کرمی ئەڵقەیی درمییەو لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسی توشبوو و جل و بەرگی کەسانی توشبوو یان ئاژەڵ ، گەرما و شێ یارمەتی بڵاوبونەوەی ئەم ھەوکردنە دەدات نیشانەکانی بریتین لە برینێکی سور و بازنەیی و تەخت لەگەڵ پێستی توێکڵدار .
جۆرێکی تر کە پێی دەوترێت کاندیدیای پێست ئەم ھەوکردنە لە ناوچە گەرم و شێدارەکانی جەستە وەک چەناگە و ژێر مل و بڕبڕەی پشت ، زۆر جار لەو کەسانە دەردەکەوێت کە کێشیان زۆرە یان نەخۆشی شەکرەیان ھەیە .
ئۆنیکۆمایکۆسس : کاریگەری لەسەر نینۆکەکانی پەنجەی دەست و پەنجەی قاچ دەبێت ، دەبێتە ھۆی گۆڕینی ڕەنگی نینۆک و ئەستور بوون و گۆڕینی شێوەی نینۆکەکە بە زۆری لە نینۆکی پەنجەی قاچدا دەردەکەوێت ، ئەم ھەوکردنە بە زۆری لە کەسانی پێگەشتوودایە بە ھۆی خراپی ڕۆیشتنی خوێن و سیستەمی بەرگری و نەخۆشی شەکرە .
چۆنییەتی خۆپاراستن :
لێرەدا ئەو ھەنگاوانە دەخەینە ڕوو کە دەتوانیت بیگریتە بەر بۆ کەم کردنەوەی ئەگەری توشبوون بە کەڕووی پێست :-
١.دوای خۆشۆردن بە تەواوی جەستەت وشک بکەرەوە بە تایبەت نێوان پەنجەکانی قاچ و چەمانەوەکانی جەستە .
٢.دووربکەوەرەوە لە رۆشتن بە پێی ڕووت لە شوێنە گشتییەکان وەک ژووری جل گۆڕین و دوش و حەوزە گشتییەکان کە کەڕووی تیا بڵاودەبێتەوە .
٣.جل و بەرگی نەرم لەبەربکە کە ڕێگە بە پێست بدات ھەناسە بدات .
٤.دووربکەوەرەوە لە ھاوبەشی کردنی جل و خاولی و کڵاو و شانەی کەسانی دیکە .
٥.چەند رۆژ جارێک پێڵاوەکانت بگۆڕە بۆی وشک ببنەوە و لە کەشوھەوای گەرمدا پێڵاوی کراوە لە پێ بکە .
چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە :
ئەبێت سەردانی دکتۆری تایبەت بە نەخۆشییەکانی پێست بکرێت بە زووترین کات کە نەخۆشییەکە دەردەکەوێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست تا زووتر کۆنترۆڵ بکرێت و تەشەنە نەکات .
بە ھیوای تەندرووستی باش