دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 04/11/2024

یەکێتى دەچێتەسەر بەڕەکەی پارتی یان دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن؟!

هەرێم نیوز
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان کۆتایی هات و کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆتا بریاری لە بارەى ئەنجام و کورسییەکانی لایەنەکانەوەدا، ئەوەى کە چاوەڕێدەکرێت و میدیاکان بە تامەزرۆوە بەدواى سەرەداوێکدا دەگەڕێن ئەوەیە کە ئاخۆ کابینەى دەیەم چۆن دەبێت و کێ بەشداریی دەکات و کێش بەشداریی ناکات؟

ئەوەی کە ئاشکرایە پارتى براوەى یەکەم و یەکێتى دووەم و نەوەى نوێ سێیەم و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش لە ریزبەندى چوارەمدان، جگە لە یەکگرتووە خۆی یەکلایی کردووەتەوە کەبەشداری لە کابینەى نوێدا ناکات و تەنها لە پەرلەمان دەمێننەوە، پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئاخۆ چ لایەنێک لەگەڵ پارتى بەشداری کابینەی دەیەم دەکات؟

بە گوێرەى دوا بریارەکانى کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکان پارتى دیموکراتى کوردستان 39 کورسی و بە دواى ئەودا یەکێتى 23و نەوەى نوێ 15 و یەکگرتوو 7 و هەوڵوێست 4و کۆمەڵى دادگەریی 3 و بەرە ى گەل 2 و هەر یەک لە گۆڕان و هاوپەیمانى یەکی یەک کورسی و هەرچى پێکهاتەکانیشە پێنج کورسى کە دوانیان نزیکن لە یەکێتى و سیانیشیان لە پارتی.

پارتى کە زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی هێناوە و پێشوەخت ئاشکرایکردووە، کەمەسرور بارزانی کاندیدی ئەوانە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین کێ دەیەوێت لەگەڵیدا بچێتە نێو حکومەتەوە؟

ئەوە لە کاتێکدا لە زاری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانیشەوە راگەیەندراوە کە کەسیان لێ زیاد نییەو بە گوێرەى دەنگەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ لایەنەکان دەکرێت، بەڵام پێش مەرجی پارتی وەک پێشتر رایگەیاندووە، یەک حکومەت و یەک هەرێم و یەک هێزی پێشمەرگە دەبێت، هەرچی یەکێتیە کەچەند کابینەیەک لەگەڵ پارتی بووە بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئێستا گوتارێکی تری هەڵگرتووە کەپێدەچێ داواکارییەکەی زیاتر بێت لە حەجم و کورسییەکانی پەرلەمانی، بەڵام ئەگەر پێشتر پارتی چاوپۆشی لەکورسییەکانی یەکێتی کردبێ و هەمیشە وەک هاوبەشێک لە حوکمڕانیدا سەیری کردووە، پێناچێت ئەمجارە پارتی وەک جاران نەرمی بنوێنێت و دەنگی بەرزی ناو پارتی ئەوەیە هەر هێزێک بەشداری حکومەت دەبێت دەبێ وەک پرۆسەی دیموکراسی و ڕێزگرتن لەدەنگی هاوڵاتیان بەپێی بەرکەوتەی کورسیەکانی پۆست وەربگرێت، هەتا هەموو لایەک بەرپرسیاربن و کەس لەبەرپرسیارێتی ڕانەکات و هەموو هاوڵاتیان بزانن کێ خزمەتی خەڵک دەکات و کێش لەبەرپرسیارێتی ڕادەکات؟

لە دیداری مێریدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی پێچەوانەی کاتی بانگەشە رایگەیاند، چۆن ئەو پارتى دەڕوخێنێت کە باپیرەى دایمەزراندووە، ئەوەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە هەرچىبووە بۆ بانگەشەى راگەیاندن بووە .

بەگوێرەى یاسا بەرکارەکان دەبێت لە ماو داهاتوودا دواى یەکلایی بوونەوەى سکاڵاکان سەرۆکی هەرێم پارتى دیموکراتی کوردستان رابسپێرێت بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان و پاشان دانوستان دەستپێبکرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت، ئەوەى کە گرنگە ئەوەیە ئاخۆ بە بێ یەکێتى دەکرێت کابینەى دە پێکبێت؟

ئاخۆ عەرزی عەزەڵات و هەبوونى هێزى چەکدار و چەند دەروازەیەک بەسە بۆ ئەوەى بتوانیت یان جورئەتى ئەوەت هەبێت لە بەرامبەر گەلەکەتدا کە ماڵ جیابکەیتەوە؟ پرسیارەکە نەک هەر نالۆژیکیە بەڵکو ناچێتە بوارى
جیێبەجێکردنەوە.

خۆئەگەر پارتى 39 کورسى هەیە، نەوەى نوێ بە 15کورسییەوە بچێتە پاڵی کە ئەگەرى زۆری هەیە ئەوا دەبێتە 54 کورسی، سێ کورسی پێکهاتەکان و کورسییەکى هاوپەیمانیشی بخرێتە سەر کە دەکرێت تا رادەیەکى زۆر رێگەى تێدەچێت دەکاتە 58 کورسى لەو کاتەدا دەبێت یەکێتى لە حکومەت بەشداریی نەکات و ببێتە ئۆپۆزسیۆن.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئاخۆ یەکێتى دەتوانێت بەشداری حکومەت نەکات؟ ئایا جەماوەرەکەى بەوە رازیدەبن؟ بێگومان نەخێر، چوون یەکێتى و هەموو لایەنەکانى دیکە – بەبێ پارتى – ناتوانن حکومەت پێکبهێنن.

کەواتە رێگەى دیکە و بژاردەی دیکە لەبەردەم یەکێتیدا ئەوەیە رازی بێت بەو دۆخەى هاتووەتە بەردەمى و مل بدات بۆ داواکاریەکانى پارتى و گوێ لە مەرجەکانى بگرێت.

چونکە کارتەکانی دەستی یەکێتی لاوازن و هەڕەشەى دوو ئیدارەییش دادى نادات و خۆ ئەگەر موماتەڵەش بکات بەپێکهێنانی حکومەتەوە دەبێ ئاگاداری ئەوەبێت، کەمەسرور بارزانی هەر سەرۆکی حکومەتە و وەک پێشتر کاروبارەکانی بەڕێوە دەبات و هیچ شتێکیش ناتوانێت ڕێگای لێبگرێت.

‎ یەکێتی دەبێ لەوە تێبگات کە چیتر پارتی هێندە نایلاوێنێتەوە و نایکاتەوە بە کوڕە مودەلەل و بیانوو گرەکەى جاران، کەواتە یەکێتى دەبێت بچێتەوە سەر بەڕەکەى پارتى و رازى ببێـت بەوەى پێى دەدرێت و بێدەنگی لێبکات، تەنانەت تواناى ئەوەشیان نەماوە داواى سەرۆکایەتیەکانیش بکەن، مەگەر پارتى بیەوێت ئەمجارەشیان یەکێتى ئاوت نەکات و بۆیەکەمجاریش نەبزێکى دڵی نەوەى نوێش بگرێت و بزانێت ئاخۆ لە خولەکێکدا چەند جار لێدەدات؟ 




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP