دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 31/10/2024

میدیای ئەمریکی: ئێران لە عێراقەوە هێرشدەکاتە سەر ئیسرائیل

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، کە ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ڕێگەی عێراقەوە.

ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی باسی لە کاتی ئەم هێرشەی ئێرانی کردووە و دەڵێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوو و ڕەنگە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا هێرشەکە بکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئەگەری هێرشێکی داهاتوودا، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیک لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن.

ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەنگە ئەم هێرشە لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە لە عێراق ئەنجام بدات بەهۆی دوورکەوتنەوە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە ستراتژیکەکانی ناوخۆی ئێران.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئەم دواییە، ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکە بێ وەڵام نایهێڵنەوە.

لە لایەکی دیکەوە کاربەدەستانی ئیسرائیلیش هۆشدارییان داوە کە ئەو وڵاتە زۆر بە توندیتر وەڵامی هەر هێرشێکی دیکەی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران دەداتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند ناوەندێکی سەربازی و مووشەکیی لە چەند شاری جیاوازی ئێران.

ئۆپراسیۆنەکە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند و لە سێ قۆناغدا پێکهات، لە هەرسێ پارێزگای تاران، ئیلام و خوزستان هێرش کرایە سەر 20 ناوەندی سەربازی. 140 فڕۆکە بەکارهات و سەرجەمیان بەبێ کێشە گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل. فڕۆکەی جۆری F-15 و F-16 و F-35 بەکارهێنرا. ئیسرائیل چوار ژنە ئەفسەر لەم ئۆپەراسیۆنە وەک فڕۆکەوان و یاریدەدەدەری فڕۆکەوان لە فڕۆکەی F-16ی بەشداری پێکرد.

ماڵپەڕی ئەمریکی ئەکسیۆس دەڵێت یەکێک لەو ئامانجە سەرەکیانەی کە ئیسرائیل لە هێرشەکەی سەر ئێراندا کردوویانە ئامانج، 12 "میکسەری هەسارەیی" بووە، کە ئەو ئامێرە لە پێکهاتە گرنگەکانی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێران دادەنرێت. ئەم ئامێرانە کەرەستەی پێشکەوتوون کە ئێران ناتوانێت سەربەخۆ بەرهەمی بهێنێت و دەبێت لە چین بیانکڕێت.

لەناوبردنی ئەم ئامێرە گورزێکی گەورە لە توانای ئێران بۆ نوێکردنەوەی یەدەگی مووشەکیی دەدات. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ڕەنگە زیاتر لە ساڵێک بخایەنێت بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ئامێرەکان. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی  ڕاگەیاندووە، کە هێرشەکەی ئیسرائیل توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران پەکدەخات.

چوار سیستەمی بەرگری ئاسمانی له جۆری ئێس 300ی ڕووسی، لە فڕۆکەخانەی خومەینی لە تاران، که له پاراستنی خاڵه ستراتیژییەکانی ئێراندا ڕۆڵیان هەبوو، لەوانه پاراستنی تاران و دامەزراوە ئەتۆمی و ووزەکانی ئەم وڵاتە، له هێرشەکەدا کرانە ئامانج.

هەروەها کارگەیەکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دامەزراوەیەکی دیکە لە ناوچەی "پارچین"، کە پێشتر بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنرا، بە شێوەیەکی ڕەمزی هێرشی کرایە سەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP