دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 31/10/2024

دیدگاکانى سەرۆکی هەرێمى کوردستان لە دیداری مێریدا

 

ئێمە هەموومان لە کەشتییەکداین، حکومەت بە بێ یەکێتى و پارتى دروستنابێت

‎دیداری مێری کە لە رۆژانى 29 و 30ـى تشرینى یەکەم لە هەولێر وەک نەریتێکى ساڵانە بەڕێوەچوو، تیایدا دەیان کەسایەتى سیاسی و ئابوری ناس، میوانى دیدارەکە بوون، لەوێ سەرۆکی هەرێمى کوردستان و سەرۆکی حکومەت دیدگاکانى خۆیان خستەڕوو، نوێترین پێشهاتى سیاسی گەورە لە کوردستان و ناوچەکە هەڵبژاردنەکانى کوردستان و بردنەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان بوو کە هەمووان بە کەمێک وردە سەرنجەوە ستایشى پرۆسەکەیان کرد و گوتیان گەورەترین سەرکەوتن بۆ ئیرادەى گەل بووە، گوتیان داهاتووى هەرێمى کوردستان و سەقامگیریی ناوچەکەى پێوەبەندە.
‎ سەبارەت بە پێکهێنانى کابینەى دەیەمیش دیدگاو سەرنجی سەرەتایی خۆیان خستە ڕوو، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمى کوردستان کە میوانى سەرەکی بوو لە دیدارەکەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى کوردستان گوتى:

‎بەشداریکردنى نزیکەى 72% ى خەڵک لەو هەڵبژاردنەدا رێژەیەکى کەم نییە، هەرچەندە لە بانگەشەدا هەندێک گرفتى سەرەتایی رویاندا بەڵام بەشێوەیەکى گشتى پرۆسەى دیموکراسی لەسەر رێچکەیەکى دروست خەریکی گەشەکردنە، کورد زۆر لەوە شایستەترە کە کارى بۆ بکرێت، سەیری ئەوە بکەن دوو حیزبی رکابەر لەیەک شارى وەک هەولێر لەیەک رۆژدا پێکەوە بانگەشەى هەڵبژادنیان دەکرد و هەریەکەى بەشێوازی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ روینەدا، ئەمە نیشانەى ئەوەیە کە گەلى ئێمە گەشتووەتە ئەو ئاستەى کە هوشارییەکی زۆر باشی هەیە و ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە.
‎لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیشدا هەڵسەنگاندنى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئەرێنیانە بووە، سەبارەت بە کاریگەرییەکانى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ، سەرۆکی هەرێمى کوردستان گوتى لە پرۆسەکەدا ئۆپۆزسیۆنیش بەشێکن لەگەلى کوردستان، ئیتر هەڵبژاردن تەواوبوو، ناکرێت هەر بە هەناسەى هەلبژاردن قسە بکەین، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت یارمەتى دەر بێت بۆ پێکهێنان و راستکردنەوەى حکومەت، پرۆسەکە رکابەریی سیاسییە و هیچ لایەک دوژمنى یەکتریی نین، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت هەڵەکانى حکومەت راستبکەنەوە، هەریەک چى پێکرا کردى، خەڵکیان رازیکرد و مانەوەى جەوى هەلمەتى هەلبژاردن زیان لە خەڵکەکەمان دەدات، بۆیە دەبێت بەزوترین کات لایەنەکان دەست بە قسەکردن بکەن و حکومەت پێکبهێنن. 

‎هەڵبژاردنى ئەمجارە خاوێنترین پرۆسەى هەڵبژاردن بووە.
‎ئێمە لەمەودوا داوا لە پەرلەمان دەکەین کۆببنەوە، ژمارەى کورسییەکان دیارن کێ حکومەت پێکدەهێنن، دەبێت حکومەتێکى هاوپەیمانى دروستبکەین و دەبێت هێزەکان تەرکیز بکەنە سەر هاوپەیمانى چونکە هیچ هێزێک نەیتوانیوە زۆرینەى رەهاى دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

‎هەڵبژاردن چەند جارێک دواخرا، پێشتر دەیانگوت پارتى و یەکێتى نایانەوێت هەلبژاردن بکرێت و کرا،دەگوترا ئەگەر کرا، ئەوا کێشە دروستدەبێت ، هەڵبژاردن کراو کێشەش روینەدا، هەرێمى کوردستان هەرگیز نابێتە دوو ئیدارەیی، بەگوێرەى دەستووریش هەرێمى کوردستان کیانێکی یاساییە و هیچ کێشەیەکى نییە، دواى ئەو هەلبژاردنە سەرکەوتووە کە لە ساڵى 1991 ەوە تا ئێستا وێنەى نەبووە، کاتى ئەوە هاتووە مۆدێلێکى سەردەمیانە بدۆزینەوە لەگەڵ بەغداد رێکبکەوین، بەڵام دەبێت حکومەتى نوێ ئەوەندە کاراو شارەزا بێت کە بتوانێت ئەم کارەبکات، من بە راشکاوانە دەیڵێم، مامەڵەى عێراق لەگەڵ هەرێمى کوردستان مامەڵەیەکی فیدراڵییانە نییە بەو ئەندازەى مامەڵەیەکى مەرکەزییانەیە. عێراق هەموو شتێکە فیدارڵی نەبێت. ئەمەشم بە ئاشکرا بە هەموو لایەک گوتووە. 

‎سەرۆکی هەرێمى کوردستان گوتیشى لە 2003 وە تا ئێستا هەمووان دەڵێن دەستوور بڕیاردەدات، بەڵام تا ئێستا هەر دروشم بووە و نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، تاوانباری یەکلایەنەش تەنها عێراق نییە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکى کارا بکەوینەوە کار بۆ ئەوەى کێشەکانمان لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەین. بەڵام تا ئێستاش هەر داوادەکرێت کار بە دەستوور بکرێت ، دوامکردووە لە وڵاتانى پێشکەوتوو یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەى دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە هەولێرەوە بە بەغدادمان گوتووە ئێوە لە مەرکەزیی مەرکەزیی ترن، ئەوانیش بە ئێمە دەڵێن ئێوە لە کۆنفیدراڵی زیاتر دەسەڵاتتان هەیە، من پێموایە هەردوولامان کەمتەرخەمیمان کردووە، دڵنیام داهاتووى ئەم وڵاتە ئەوەیە کە دەبێت هەمووان پێکەوە حکومەتێکى هاوپەیمانى دروستبکەین و چوون هەموومان لە یەک کەشتیداین، ئێمە دوژمنى یەکتریی نین رکابەرى یەکترین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP