هەرێم نیوز
رۆژنامەی کاتژمێر هەشتی بەیانی ڕایگەیاند، تاڵیبان وادەی دوو مانگی بۆ بەرپرسانی تەلەفزیۆنە ئەهلیەکان دیاری کردوە بۆ گۆڕینی پەخشەکانیان بۆ میدیای دەنگی.
رۆژنامەی "کاتژمێر هەشتی بەیانی" کە رۆژنامەیەکەی ئەفغانییە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی باڵای تاڵیبان و بەرپرسانی ڕاگەیاندن لە وڵاتەکەدا، تاڵیبان وادەی دوو مانگی بۆ بەرپرسانی تەلەفزیۆنە ئەهلیەکان دیاری کردوە بۆ گۆڕینی پەخشەکانیان بۆ میدیای دەنگی.
کۆبونەوەکە لە قەندەهار بەڕێوە چوە و لەدوای بڕیاری قەدەغەکردنی بابەتی ڤیدیۆی دێت، کە تاڵیبان پێی وایە دەرکەوتنی بونەوەری زیندو پێچەوانەی بنەماکانی ئاینی ئیسلامە و حەرامە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لەم کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی تاڵیبان ماوەی دو مانگیان داوەتە بەرپرسانی میدیایی تا پەخشەکانیان لە وێنەوە بکەنە بە دەنگی.
هاوکات، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، تاڵیبان بە بەرپرسانی میدیای ئەهلی ڕاگەیاندووە، ئەوانەی پابەندی ئەم فەرمانە نابن، پێویستە پەخشی میدیایی خۆیان ڕابگرن.
لەم دواییانەدا دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە بڕیارێکی نوێیاندا، لە ژمارەیەک پارێزگا پەخشی بەشێک لە تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکانی ڕاگرت و داوایان لە میدیاکان کرد لەبری وێنە پەخشی دەنگی بکەن.