هەرێم نیوز
سەرۆکی میسر ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، میسر پێشنیاری ئاگربەستێکی سەرەتایی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە غەززە کردووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون لەگەڵ چەند زیندانییەکی فەلەستینی.
سیسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولمەجید تبون سەرۆکی جەزائیر قسەی کرد و وتیشی، دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا گفتوگۆکان دەست پێبکەنەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
ئیسرائیل و حەماس هیچ لێدوانێکیان نەداوە، بەڵام بەرپرسێکی فەلەستینی نزیک لە هەوڵەکانی ناوبژیوانی بە ڕۆیتەرزی وتووە، "پێشبینی دەکەم حەماس گوێ لە پێشنیارە نوێیەکان بگرێت، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی هەر رێککەوتنێک دەبێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بکشێنێتەوە."
ئیسرائیل دەڵێت شەڕەکە تەنها دوای لەناوچوونی حەماس وەک هێزێکی سەربازی و فەرمانڕەوا لە غەززە کۆتایی پێدێت.
ئەمەریکا و قەتەر و میسر سەرپەرشتی دانوستانەکان دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکرد.
کاربەدەستانی تەندروستی لە غەززە دەڵێن ژمارەی کوژراوان لە هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نزیکەی 43 هەزار کەسە و ئەو ناوچەیەش بە تەواوی وێران بووە.