هەرێم نیوز
هەرگیز لە خۆتان پرسیوە سەرکەوتنەکانى پارتى لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و چۆن هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا دەیباتەوە؟ بامن ئێمە پێتان بڵێین، بەڵام بە وردی سەرنجی ئەم خاڵانە بدەن:
یەکەم: سەرکردایەتییەکى دووربین
پارتى دیموکراتى کوردستان خاوەنى سەرکردایەتییەکى دوربین و ستراتیژییە، ئەو کاتێک بابەتێک دێتە پێشەوە هەروا بە ئاسانى پەسەندى ناکات یان رەتى ناکاتەوە، بەردەوام ستراتیژییانە لە بابەتەکە دەڕوانێت و دواجاریش لە بەرژەوەندیی ئەو پارتە دەشکێتەوە.
دووەم: رێکخستنى تۆکمە
پارتى خاوەنى رێکخستنێکى تۆکمەی ژمارەییە، واتە ناوچەیەک یان لقێک بەتەواوەتى دەزانێت چەند ئەندامى هەیە، کێن، ئیشیان چییە، شونێنى ئیشەکەیان کوێیە، لە چ سندوقێک دەنگ دەدەن،هەر بۆیە لە کاتى دەنگدانەکاندا دەنگی مسۆگەرى هەیە وەک دەگوترێت لە گیرفانیدایە و دەزانێت کێ دەنگی دەداتێ و کێی تریش دەنگى ناداتێ.
سێیەم: لەرووى داراییەوە
ماڵەبارزان و مەکتەب رێکخستن و شوێنەکانى دیکەى پارتى هەمیشە دەرگایان کراوە بووە بەڕووى ئەندامەکانى خۆیاندا، ئەو پارتە خاوەنى داراییەکى سەربەخۆیە و دەتوانێت پرۆژەى تایبەتى خۆی هەبێت و کردویەتى، هەندێکجار لە رێگەى رێکخراوەکانى تایبەت بەو پارتەوە کاری جۆراوجۆری بۆ نوسەران، رۆژنامەنوسان، قوتابییان و ئافرەتان کردووە،
ئیتر با رێکخراوى بارزانى لەولاوە بوەستێت.
چوارەم: میدیاى بەهێز
پارتى دیموکراتى کوردستان توانیویەتى لە رێگەى میدیا ئەهلى و ئازادەکانەوە جێگەى خۆی بکاتەوە، میدیا جۆراوجۆرەکانى رۆڵێکى سەرەکی دەبینن لە خستنە رووى ئەجێنداى ئەو پارتەدا، بەجۆرێک ماڵێک نییە لە کوردستاندا بۆ بینیى هەواڵ و زانیارییەکان پەنا بۆ ئەو کەناڵانە نەبەن کەپارتى راستەوخۆو ناراستەوخۆ خاوەندارێتیان دەکات، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى جەماوەرێکى تارادەیەک خۆڵەمێشى لەخۆی کۆبکاتەوە.
پێنجەم: گوتاری نیشتمانى و نەتەوەیی
پارتى خاوەنى بەرگریی کردنە لە پرسە نیشتمانى و نەتەوەییەکان، هەر ئێستا ئەگەر یەکێک باس لە ئاڵا، شۆڕش، مێژووى کورد، بیری نەتەوایەتى، دامەزراندنى دەوڵەت، چوار پارچەى کوردستان، و هەر بابەتێکى تر بکرێت هەمووان بیریان بۆ لاى پارتى دەچێت لەبەر ئەوەى ئەو شتانە بوونەتە مۆرکی ئەو پارتە.
شەشەم: بەرگریی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان
هەرکاتێک کێشە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە هەر جێگەیەک هاتبێتە پێشەوە ئەوا پارتى خۆی کردووەتە خاوەنى و لێپرسینەوەى لەبارەوە کردووە.
حەوتەم: نوێنەرایەتییەکانى کورد
بەشێک لە سیاسەتەکانى پارتى و هیزى تایبەتى ئەو پارتە بوونى نوێنەرایەتییەکانى حکومەت و پارتەکەیە لە دونیادا کە بەشێکى زۆر لە لایەنگرانى بۆ کۆکردووەتەوە.
هەشتەم: نەیارەکانى
لە شانسی پارتى نەیارەکانى هەمیشە پەرتەوازە و شپرز و نا دیسپلینن، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەو پارتە کەوتووەتەوە دەنگەکانیان بوونەتە ئاردى ناودڕک، بەڵام پارتى مەرکەزیەتێکى سیاسی و ئیداریی و ریکخراوەیی بۆ خۆی بونیاد ناوە، ئەوەش بووەتە خاڵێکى بەهیز بۆ پارتى.
هەر بۆیە ئەگەر پارتى چەند جارێکى تریش هەر لە ریزبەندی هەلبژاردنەکاندا مایەوە پێتان سەیر نەبێت، پارتى حیزبە نەک گاڵتە.