دواین هەواڵ

عێراق‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانی عێراق پۆستی سەرۆكەكەی یەكلادەكاتەوە "زۆرینەی شیعەكان رێككەوتون لەسەر پشتیوانیكردنی مەشهدانی"

هەرێم نیوز

عەبدولرەحمان جەزائیری، سەركردە لە رەوتی حەسمی وەتەنی سوننەكان رایدەگەیەنێت، دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی كەسایەتیەك بۆ سەرۆكی پەرلەمان یەكلابووەتەوەو (80%) هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی رێككەوتون لەسەر هەڵبژاردنی مەحمود مەشهدانی.

جەزائیری بە كەناڵی (العهد) رایگەیاندووە: تەنها هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەتوانن كێشەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكەنەوەو زۆرینەشیان رێككەوتون لەسەر هەڵبژاردنی مەشهەدانی.

لای خۆیەوە، فەهد جبوری، سەركردە لە رەوتی حیكمە رایگەیاندووە: چوارچێوەی هەماهەنگی دواین مۆڵەتی داوە بە هێزە سوننیەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی پەرلەمان، جەختیشكردووە، سەرۆكایەتی پەرلەمان لە دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتوودا یەكلادەكرێتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی رێككەوتووە لەسەر هەڵبژاردنی مەشهدانی.

تائێستا سوننەكان لەسەر ناوی سەرۆكی پەرلەمان رێكنەكەوتون، بەوتەی ئەو بەرپرسەش چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەنیە هیچ مۆڵەتێكی تر بدات بە هێزە سوننیەكان.
ئەوە لەكاتێكدایە، حزبی تەقدوم، بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و بە شایستەی هەڵبژاردن خۆی دەزانێت، وێڕای ئەوەی جەختدەكاتەوە لەوەی خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانیە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەكات بۆ سەرلەنوێ‌ كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ‌ بۆ ئەو پۆستە، ئەو دوایەش لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە رەتدەكرێتەوە بەوپێیەی پێچەوانەی یاساو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، چوارچێوەی هەماهەنگی لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممەی داهاتوو كۆبونەوەیەكی تایبەت بە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان رێكبخەن و ئەو پۆستە یەكلابكەنەوە، كە ماوەیەكی درێژە بە بەتاڵی ماوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP