دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

چوارچێوەی هەماهەنگی داواى هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران دەکات

هەرێم نیوز

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات رۆژی شەممەی داهاتوو كۆببنەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی ئەنجومەنەكە.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە نوسینگەی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە ئەنجامداوە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش ئامادەی بووە. 

چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەكەیدا، داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كردووە، رۆژی شەممەی داهاتوو كۆبونەوەیەك رێكبخەن بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن و، دانانی سنورێك بۆ بەتاڵی ئەو پۆستە گرنگە بە درێژایی ماوەكانی رابردوو.

چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتییەکانی حکومەتی بۆ ئەنجامدانى سەرژمێریى گشتى لە عێراق بەرز نرخاندووە و دەڵێت: "هیواخوازن پرۆسەى سەرژمێریى لە هەموو پارێزگاکان و لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا ئەنجامبدرێت، چونکە رۆڵى گرنگى دەبێت لە پەرەپێدانی پلانەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاریی".

ئەمەش لەکاتێکدایە، 14ی تشرینی دووەمی 2023، بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و بە تۆمەتی ساختەکردن لە نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخرایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP