دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: هیوادارم ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان پاداشتی خزمەت و راستگۆیی بدەنەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ کاتژمێر 7:00 پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە پیرمام دەنگی دا.

 بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی دەنگدان لە شارۆچکەی پیرمام دەنگی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "هیوادارم هەموو ئەو هاووڵاتییانەی مافی دەنگدانیان هەیە، ئەمڕۆ بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بڕیار لەسەر دیاریکردنی نوێنەر و حکوومەتی داهاتووی خۆیان بدەن". 
مەسرور بارزانی هیواشی خواست "هەڵبژاردنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و بێ گرفت بەڕێوە بچێت." وتیشی: "هیوادارم ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان پاداشتی خزمەت و ڕاستگۆیی بدەنەوە و سزای ئەو لایەنانەش بدەن کە یاری بە چارەنووس و مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن." 

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هانی هاونیشتمانیانی دا بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن و گوتی، "دڵنیام خەڵکی کوردستان هەمیشە سەرکەوتوو دەبن."

 لە هەر چوار بازنەی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدان و کارتی بایۆمەتریان هەیە، دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 کەسە، لە دوو هەزار و 266 بنکە دەنگ دەدەن؛ لە هەولێر 498 بنکە، لە سلێمانی 477 بنکە، لە دهۆک 264 بنکە و لە هەڵەبجە 27 بنکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP