دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: بەنداوی گۆمەسپان ناوچەکە دەکاتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری

هەرێم نیوز

 مەسرور بارزانی لە میانی کردنەوەی بەنداوی گۆمەسپان و دانانی بەردی بناغە بۆ ڕێگای گۆمەسپان - سماقوڵی ڕایدەگەیەنێت:  بەنداوەکە دەبێتە هۆکارێکی زۆر باش بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری و سامانی ماسی و بەرنامەی گەورەترمان هەیە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاری. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێكدا، بەنداوی گۆمەسپانی كردەوە و بەردی بناغەی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵیی دانا و وتارێكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد، رایگەیاند: "ئەم بەنداوە دەبێتە هۆكارێكی زۆر باش و دڵخۆشكەر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لە ناوچەكە و گۆڕانی كەشوهەوا لە ناوچەكە و پەرەپێدانی سامانی ماسی و لە هەمووشی گرنگتر، دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگی گەشتیاری لە دەوروبەری هەولێر."

سەرۆكی حكوومەت راشیگەیاند: ئاوی بەنداوەکە، باراناوە و بەفیڕۆ دەڕۆیشت، ئێمە کە بڕیاری دروستکردنی بەنداوەکەماندا چەندین بیرۆکە هەبوو کە چۆن دەتوانین سوودی لێوەر بگرین، هەموو دەزانن کە ئەم بەنداوانە هاوکارییەکی زۆر دەکەن کە جووتیاران دەتوانن لێی سوودمەند بن، هەروا سوودی بۆ زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی دەبێت، ئێمە بەرنامەیەکی زۆر گەورەترمان هەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لەم ناوچەیە، کە ئێستا سەرقاڵی دروستکردن و ئامادەکردنی ماستەر پلانێکین، هیوادارین خوا فرسەتمان پێ بدات و بەردەوام بین لەم ئەرکە و پەرەپێدانی ئەم جۆرە پرۆژانە.

دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی هێژا زۆر زۆر بەخێر بێن
زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە، بۆ دوو پرۆژەی گرنگ بۆ خەڵكی ناوچەكە و شاری هەولێر و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان.

یەكێكیان پرۆژەی بەنداوی گۆمەسپانە كە شكور بۆ خوا تەواو بووە، بە هاوكاری و سەرپەرشتی و جێبەجێكردنی كۆمپانیای (سنك) كە لە سەرەتاوە ئەركی دروستكردنی ئەم بەنداوەی پێ ڕاسپێردرا، دوای چەندین قۆناغ، ئێمە لەم كابینەیە بڕیاری تەواوكردنمان دا و شكور بۆ خوا، ئێستا ئێمە لێرەین لە كردنەوەی ئەم بەنداوە.

بێگومان ئەم بەنداوە دەبێتە هۆكارێكی زۆر باش و دڵخۆشكەر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لە ناوچەكە و گۆڕانی كەشوهەوا لە ناوچەكە و پەرەپێدانی سامانی ماسی و لە هەمووشی گرنگتر، دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگی گەشتیاری لە دەوروبەری هەولێر كە هەموو خەڵكی دۆڵی خۆشناوەتی و ئەم دەڤەرە دەتوانن سوودی لێ ببینن.

ئەم ئاوە ئاوی بارانە و وەرزییە كە هەمیشە بەفیڕۆ دەڕۆیشت، ئێمە كە بڕیاری دروستكردنی بەنداوەكەمان دا، چەندین بیرۆكە هەبوو كە بتوانین سوودی لێ وەربگرین.

هەموومان دەزانین ئەم بەنداوانە هاوكارییەكی زۆر دەكەن بۆ جووتیارانمان لە رووی كشتوكاڵییەوە دەتوانێ سوودمەند بێت، بۆ ئاوی ژێرزەوی دەكرێ زۆر زۆر سوودمەند بێ كە ئاوی ژێرزەوی زیاد بكاتەوە، ئێمە بەرنامەیەكی زۆر زۆر گەورەترمان هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە كە ئەویش ئێستا خەریكی دروستكردن و تەواوكردنی ماستەرپلانەكەین، هیوادارین خوا فورسەتمان پێ بدا و بتوانین بەردەوام بین لەم ئەركە و باشتركردنی دۆخی گشتیی ناوچەكە بە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پرۆژانە.

من گومانم لەوەدا نییە كە دەبێتە شوێنێكی زۆر زۆر خۆش و خەڵك دەتوانن لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستان سەردانی بكەن. ماستەرپلانەكەم بینیوە، شتێكی زۆر نایاب و زۆر جوانە، هێشتا بە تەواوەتی نەگەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی، بەڵام كە تەواو دەبێ، ئەوكاتە یەكسەر دەست بە جێبەجێكردنی بەشەكانی ئەو ماستەرپلانەش دەكەین كە هەمووی جارێكی تر دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان و هەلی كاری زۆر بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست دەكات، نەك تەنیا لە دروستكردنی پرۆژەكە، بەڵكوو لە بەردەوامبوون و بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانەی لە پرۆژەكەدا دروست دەكرێن، ئەمە هەمووی دەبێتە بەشێك لە پەرەپێدانی كەرتی ئابووری و دروستكردنی ژێرخانی ئابوورییەكی بەهێزتر، هەروەها دروستكردنی هەلی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە.

دوای ئەوەی كە ئەم دەریاچەیە دروست بووە، خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكات و دێنە ئێرە، هەندێكجار بەداخەوە رەچاوی ژینگەپارێزی ناكەن و زبڵ و خاشاكی خۆیان فڕێ دەدەن، هیوادارم هاووڵاتیان ئەوەیان لەبەرچاو بێ كە كوردستان ماڵی هەموومانە و پاراستنی ژینگەش ئەركی هەموومانە، ئەوانەی دێنە ئێرە بۆ چێژوەرگرتن، كات بەسەربردن، هیوادارم ژینگەی ئەم دەریاچەیە یان لە هەر شوێنێكی تر كە سەردانی دەكەن، بپارێزن. هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە ژمارەیەك هاووڵاتیی دڵسۆز و خەڵكی ئەم دۆڵە وەكوو گرێبەست ئێستا لە ئەركدان بۆ ئەوەی یارمەتیی گەشتیاران بدەن لەوەی كە پاشماوەكانی خۆیان، زبڵ و خاشاكی خۆیان فڕێ نەدەن و كۆیان بكەنەوە، هیوادارم هەموو لایەك هاوكاریی یەكتر بكەین، تاكوو بتوانین شوێنێكی جوانتر و سەرنجڕاكێشتر و خۆشتر و بەچێژتر بۆ خۆمان و بۆ داهاتوو و بۆ منداڵەكان و هەموو هاووڵاتیانی كوردستانیش ئینشائەڵا دەستەبەر بكەین.

ئەمە یەكێكە لەو پرۆژە زۆر زۆر جوان و نایابانەی كە لە دەوروبەری شاری هەولێر دەستمان پێكردووە و پەرەی پێ دەدەین و گەورەتری دەكەین. جگە لەمە پرۆژەی تریش هەن كە لە چوارچێوەی سیستەمی پەرەپێدان بە گلدانەوەی ئاو و دروستكردنی بەنداو و پۆند، لە هەندێك شوێنی تریش ئێستا خەریكی دروستكردنی ئەم جۆرە پرۆژانەین كە هەر هەموویان جارێكی تر دەخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان. هیوادارم خەڵكی هەولێر، خەڵكی شارەكانی تر، شەقڵاوەش لە پشت ئێرەیە، هەموویان لە كاتێكی نزیكدا بێن و ئیتر ئێرە ببێ بە شوێنێكی خۆشی كات بەسەربردن و چێژوەرگرتن ئینشائەڵا.

ئەمە پرۆژەی یەكەمە، پرۆژەی دووەم دروستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵییە كە ئەویش ئەركەكەی بە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دراوە، هەروەك خۆشتان دەزانن (هێمن گرووپ) چەندین پرۆژەی گەورە و ستراتیژییان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە ماوەیەكی خێرا، بە توانایەكی باش و بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی، هەر ئەمەش وایكردووە كە ئێمە بتوانین متمانەیەكی زیاتریان پێ بكەین و ئەو جۆرە پرۆژانە ئەوان جێبەجێی بكەن كە بێگومان ئێمە لە تەواوكردن و جۆری كوالێتی دڵنیاین.

ئەم پرۆژەیە بەشی یەكەمی دروستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان بۆ سماقووڵییە، بەڵام دوای ئەوە لە قۆناغی داهاتوو، ڕێگەكە بە دەوری دەریاچەكەوە دەسووڕێ، ئەمەش دیسان هەر بۆ بابەتی گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان بەكار دێت، هەروەها بەستنەوەی ڕێگەكانیش لە لایەكەوە لە نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هەروەها بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانی كە ئەمە دەبێتە رێگەیەكی تر بە رێگەی دۆڵی سماقووڵییەوە. ئەمە بەشێكە، بەشەكەی تر دیسان دەگەڕێتەوە بۆ كۆڕێ و هەر لەملاوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە، یانیش هەر بە چیای سەفینەوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە.

كەواتە دروستكردنی شەبەكەیەكی ڕێگە و بان لەم ناوچەیە، هەموو ئەو دەڤەرە جوان و خۆشانە بەیەكەوە دەبەستێتەوە. ئەم جووتسایدەی كە بە دەوری دەریاچەكەوە دەسووڕێتەوە، دواتر لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە و پلان و ماستەرپلانەیە كە بۆ ناوچەكە دەستنیشان كراوە، زۆر زۆر بە شێوازێكی جوان و سەردەمیانە دروست دەكرێ كە خەڵك هەم بتوانن بە دەوری دەریاچەكەدا بسووڕێنەوە، هەم بتوانن سەردانی ئەو شوێنانەش بكەن كە لە داهاتوودا ئینشائەڵا دروست دەكرێن لەم ناوچەیە.

بەهەرحاڵ، ئەمە بەرنامەیەكی گرنگ بووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین كەرتی گەشتیاری لە ناوچەكە بەرەو پێشەوە ببەین، یارمەتیی هاووڵاتیانی خۆمان بدەین، ئێمە بتوانین بابەتی ئاو و گلدانەوەی ئاو، شتێكی زۆر زۆر گرنگە بۆ بابەتی دەستنیشانكردن یان دڵنیابوون لە ئاسایشی ئاو كە ئێمە بتوانین سوودی لێوەربگرین.

ئەم بەرنامانەی تریش كە باسم كردن، ئەمانە هەمووی ئینشائەڵا لە وەختێكی نزیكدا دەخرێنە ڕوو و سوودیان لێوەردەگرین. جارێكی تر من دەستخۆشی لە هەردوو كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم، كۆمپانیای (سەنك) بۆ دروستكردنی ئەم بەنداوە و كۆمپانیای (هێمن گرووپ)یش بۆ دەستپێكردنی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵی.
ئینشائەڵا كوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ خۆشتر ببێت و پێشتر بكەوێت و خەڵكی ئێمەش هەر سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP