دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

بارزانی: پارتی حیزبی کردارە

هەرێم نیوز

مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان  لە کەرنەڤاڵی بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان لە هەولێر رایگه‌یاند، پارتی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ به‌هاری ساڵی 1991 له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین ئه‌و پێشنیاری كردوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕییه‌وه‌ بچنه‌ قۆناعی هه‌ڵبژاردن، ده‌شڵێت، "به‌هه‌ڵبژاردنی پلان بۆ داڕێژراو رازی نابین".

بارزانی وتیشی، خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەرکی کابینەی داهاتوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت کۆتایی بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بهێنرێت.

راشیگەیاند، پارتی لە یەکەم هەڵبژاردن تاوەکو کۆتا هەڵبژاردن  یەکەم بووە و هەر یەکەم دەبێت.

بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، دروشمی هەندێک لایەن دروشمی ناڕاستەقینەیە و خۆشیان دەزانن ناتوانن.

دەشڵێت: رۆژی 20ی مانگ بچەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و خۆتان نەچەمێنن

خاڵە ستراتیژییەکانى وتارەکەى بارزانى لە کەرنەڤاڵی بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان لە هەولێر:

یەکەم: ستراتیژیەتى کارى پەرلەمان لە چوار ساڵی داهاتوودا بریتین لە: 

1- نوسینەوە و پەسەندکردنى دەستورى هەرێمى کوردستان .
2- دەرکردن و هەموارکردنەوەى یاساکان بەتایبەتى ئەوانەى کە پەیوەندییان بە ژیانى هاووڵاتییان و خەڵکی هەرێمى کوردستانەوە هەیە.
دووەم: یەکسختنەوەى هەرێمى کوردستان لە ڕووی: 
1- دواى هەڵبژاردنەکان دەبێت کۆتایی بەو فەوزایە بهێنرێت کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت ئەویش لە رێگەى سڕینەوەى شوێنەوارەکانى دوو ئیدارەیی.
2- هەرێمى کوردستان یەکە هەرێمە و بەگژاچوونەوەى ئەوانەى کە خوازیارى پارچە پارچە کردنى کوردستانن.
3- هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارانەى کە لە بەغدادەوە دراون بۆ لاوازکردنى قەوارەى هەرێم.
4- خزمەتکردنى زیاتر بە هاووڵاتیانى کوردستان .
5- سوککردنى بارى سەرشانى خەڵکی هەرێمى کوردستان.
سێیەم: ئەمنیەتى کوردستان لەم رێگایانەوە.
1- دابینکردنى ئەمن و ئاسایشى زیاتر بۆ کوردستان.
2- یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و دروستکردنى پێشمەرگەى کوردستان.
3- کۆتایی هێنان بە هاوپەیمانى مافیا و تیرۆر.
چوارەم : لەبارەى مادەى هۆشەبەرەوە:
1- کۆتایی هێنان بە بازرگانى بە مادەى هۆشبەر و دروستکردن و چاندنى.
2- مادەى هۆشبەر گەورەترین مەترسییە لەسەر داهاتووى ئەم میللەتە.
3- ئەوەى ئەو کارانە بکات گەورەترین خیانەت بەرامبەر میللەتى کوردى دەکات.
پێنجەم: لەبارەى دروشمى لایەنەکانەوە:
1- بەراورد بە دروشمى پارتى زۆر لاوازن، خۆزگە دروشمەکانیان کێ بەرکێ بوایە لەگەڵ پارتى، لە پێناو تەبایی و پرۆژەى زیاتر.
2- هەندێک لایەن دروشمى لادان و دەرکردنى پارتییان بەرزکردووەتەوە خۆشیان دەزانن کە ناتوانن ئەو کارە بکەن.
3- ئەوەى کە لایەنەکان بە راستگۆیی لە پارتى دەستیان دەکەوێت بە تەحەدا و بە زۆر دەستیان ناکەوێت.
شەشەم: لەبارەى پارتیییەوە: 
1- پارتى ئامرازێکە بۆ خزمەتى کوردستان و حیزبی کردارە نەک گوفتار.
2- هەرکەس کارنەکات هەڵە ناکات، پارتى کار دەکات بۆیە هەڵەش دەکات .
3- دواى تەواو بوونى هەڵبژاردن دەستدرێژدەکەین بۆ لایەنەکانى تر بە مەرجێک دڵسۆزبن بۆ خوێنى شەهیدان و کورد و کوردستان.
4- لایەنەکان بە پارتیشەوە بەخۆیاندا بچنەوە، برایەتى و یەکتر قبوڵکردن پەیڕەو بکەن.
حەوتەم: لە بارەى گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و جەنگی ئیسرائیل  و ئەوانى ترەوە:
1- لەگەڵ برادەرانی بەغداد سەرقاڵی ئەوەین عێراق و هەرێمى کوردستان نەکەوێتە سنوورى ئەو جەنگەى لەناوچەکە هەڵگیرساوە.
هەشتەم: پەیوەندییەکانى پارتى لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان:
1- لەگەڵ حیزبە سنوونى و شیعەکان پەیوەندى باشمان هەیە.
2- لەگەڵ حکومەتى عێراق بەردەوام لە دانوستانداین بەڵام سازش لەسەر مافەکانى کورد ناکەین.
نۆیەم: لەبارەى خانەوادەى شەهیدانەوە:
1- دابەشکردنى خانوو بەسەر شەهیدانى دەستى داعش دا بە بێ ئەوەى لە حیزبەکانیان بپرسرێتەوە.
2- رێبازی بارزانى ئەوەیە خزمەتى بنەماڵەى شەهیدان بکرێت .
3- ئەرکی حکومەت و رێکخراوە خێرخوازییەکانە کە بەدەم داواى بنەماڵەى شەهیدانەوە بچن.
دەیەم: راسپاردەکانى  بارزانى: 
1- کادران وبەرپرسانى پارتى خۆیان سەرقاڵ نەکەن بە وەڵامدانەوەى قسەى سوک و هەڵوێستى سووک.
2- تەرکیز بکەنە سەر پاراستنى هەرێمى کوردستان و پاراستنى دیموکراسیەت.
3- بونیادنانى ژێرخانێکى ئابووری بەهێز بۆ هەرێمى کوردستان.
4- خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی کوردستان.
5- گرنگیدانى زۆر بە کەرتى پەروەردە و تەندروستى بدریت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP