هەرێم نیوز
ئەمڕۆ هەینی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، ئاهەنگی خولی 43ــیەمین دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەچوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە ئاهەنگی خولی 43ــیەمین دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین لە گوتارێكیدا ڕایگەیاند: زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشدارم لەگەڵتان لە ئاهەنگی خولی 43ی دەرچوونی قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەدین. پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی خۆشەویست دەكەم، پیرۆز بێ لە هەمووتان. "بێگومان ئەم سەركەوتنە بۆ ئێوە لەم قۆناغەی ژیانتان، سەركەوتنێكی گەورەیە و دەبێ هەستێكی خۆشتان هەبێ كە مرۆڤ بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی خۆی ببینێت. لەبەر ئەوە هەقە شانازیی بە خۆتانەوە بكەن، هەموومان شانازیتان پێوە دەكەین. جارێكی تر ئەم سەركەوتنە لە هەمووتان پیرۆز بێت"
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە دەمانەوێت ئاستی خوێندن بەرەو پێش ببەین و هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەو مەبەستە.
وتیشی " ئێمە دەزانین کەموکوڕی هەیە لە دابینکردنی پێداویستی خوێندن و شوێنی حەوانەوەی گونجاو بۆ قوتابییان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی پێویستی خوێندن و درێخی ناکەین".
مەسرور بارزانی راشیگەیاند: جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو مامۆستایانی بەڕێز بكەم كە ئەم ساڵانەی رابردوو سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین قەیران و ناخۆشی بووین، نەیانهێشت خوێندن دوابكەوێت و بەردەوام بوون لە فێركردن و پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویست، سەرەڕای ئەوەی ژیانیان ناخۆش بووە، سەرەڕای ئەوەی كە نەیانتوانیوە وەكوو پێویست لە بواری پێگەیاندنی ژیانی خۆیان بتوانن بەردەوام بن، بەڵام نەیانهێشتووە كە ئێوەی خۆشەویست، قوتابیانی خۆشەویست بە هیچ جۆرێك تووشی ناخۆشی و دواكەوتن بن لە خوێندن.
سەرۆکی حکومەت دەشڵێت: دڵنیان لەوەی كە داهاتووی وڵاتەكەمان بەدەست ئەم قوتابیانەوە دەبێت، بۆیە من سوپاسیان دەكەم و دڵنیایان دەكەمەوە ئەوەی لە دەستی حكوومەت بێت، ئەوەی لە دەستی ئێمە بێت بۆ پشتیوانیكردن لە مامۆستایان، درێغی ناكەین و ئینشائەڵا قەرەبووی زەحمەت و ئەو ئازارەی چەشتوویانە، قەرەبووی هەمووی دەكەینەوە بۆیان".
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە دەمانەوێ ئاستی خوێندن لە كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی متمانەبەخشینمان كارا كردووە و دامەزراندووە تاكوو ئاستی خوێندن لە هەموو زانكۆكانی كوردستان لە خوێندنی باڵا بە پێوەر و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بكرێت و رۆژ بە رۆژ، ساڵ بە ساڵ ئاستی خوێندنی زانكۆكانمان بەرەوپێشەوە بچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنج هەزار و 554 قوتابی زانکۆکە ئەمڕۆ ئاهەنگی دەرچوونیانە، هەروەها زانكۆی سەڵاحەددین لە 16 كۆلێژ و 86 بەش پێک دێت. دەرچووان لە 15 كۆلێژی جیاواز بڕوانامەی دەرچوونیان پێ دەبەخشرێت.