هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق دەستگیرکردنی حەوت داواکراوی لە کەرکووک راگەیاند و دەڵێت، کاریان بۆ رێکخراوی داعش کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی عێراق، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، بە مەبەستی نەهێشتی هەڕەشەی تیرۆر و دەستگیرکردنی تیرۆرستان، لە ژمارەیەك ئۆپەڕاسیۆندا لە شاری كەركوك حەوت ئەندامی داعشیان دەستگیر كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، "یەکێ لەو ئەندامانەی داعش کە لە ئۆپەڕاسیۆنەكاندا دەستگیر کراوە، کاری گواستنەوەی چەک و دابینكردنی پێداویستی سەربازیی دیکەی بۆ ڕێکخراوی داعش دەکردوە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی، ئەو ئۆپەراسیۆنانە بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگیری ورد ئەنجامدراون، هەروەها لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش و دەستگرتن بەسەر چەکەکانیان.
رۆژی 12ی ئەم مانگەش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی عێراق هەشت حەشارگەیی داعشیان لە کەرکووک بۆردوومان کردووە.