دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 1 هەفتە

شێخ مه‌حمودی حه‌فید؛ وه‌ك شاعیرێك!

خەلیل عەبدوڵا
نامەوێ ژینی ئـەسارەت بەسمە عومری گومڕەھی
نایکەمە سەرخۆم بەدەستی موددەعی تاجی شەھی

شێخ مه‌حمودی نه‌مر زیاتر وه‌ك رابه‌ر‌و سه‌ركرده‌و مه‌لیكی كوردستان باسی كراوه‌‌و هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ نوسراوه‌.

به‌ڵام لایه‌نێكی تری ژیانی شێخی نه‌مر كه‌ كه‌متر رۆشنایی خراوه‌ته‌ سه‌ر لایه‌نی ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیرییه‌.

ساڵی 2006 له‌یادی په‌نجاهه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی شێخی نه‌مردا، مامۆستا عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی كتێبێكی ناوازه‌ی به‌ناوی(نوربه‌خشی، شیعره‌كانی مه‌لیكی كوردستان شێخ مه‌حموود به‌رزنجی) بڵاو كرده‌وه‌. مامۆستا عومه‌ر له‌و كتێبه‌دا زۆربه‌ی شیعره‌كانی شێخی ساغ كردۆته‌وه‌‌و په‌راوێزی بۆ نوسیون‌و ئه‌وه‌ی خستۆته‌روو كه‌ شێخ شاعیرێكی گه‌وره‌‌و خاوه‌نی چه‌ند شاكارێكی به‌رزی ئه‌ده‌بییه‌‌‌و نازناوی شاعیری نوربه‌خشی بووه‌.

شێخ مه‌حمود له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی زانا‌وخوێنه‌وارو رۆشنگه‌ر په‌روه‌رده‌ بووه‌، شێخ سه‌عیدی باوكی شاعیر بووه‌، كاك ئه‌حمه‌دی شێخ‌و شێخ مارفی نودێ‌ زانا‌و نوسه‌ر بوون‌و چه‌ندین كتێبی ناوازه‌یان هه‌یه‌.

شێخ كاریگه‌ری ئه‌و بنه‌ماڵه‌ خوێنه‌واره‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌حوجره‌وه‌ خولیای شیعر‌و ئه‌ده‌بیات بووه‌‌و دواتر بووه‌ به‌شاعیر‌و چه‌ندین شیعری جوانی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌رگری له‌وڵات‌و به‌ده‌ستهێنانی مافی سەربەخۆیی گه‌لی كوردستان نوسیوه‌.

له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا،پشتیوانێكی به‌هێزی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری بووه‌‌و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ شاعیران‌و روناكبیران هه‌بووه‌.

له‌‌و كاته‌دا‌و له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی شێخدا چوار رۆژنامه‌ ده‌رچوون( بانگی كوردستان1922، رۆژی كوردستان1922، بانگی حه‌ق 1923، ئومێدی ئیستقلال1924).

هێنده‌ رۆژنامه‌ لای شێخ بایه‌خی هه‌بووه‌ كه‌شاری سلێمانی به‌جێهێشتووه‌‌و چۆته‌ ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه‌، ئامێری چاپه‌مه‌نی بردووه‌‌و له‌وێ‌ رۆژنامه‌ی بانگی حه‌قی ده‌ركردووه‌.

بێجگه‌ له‌ شیعره‌كانی، نامه‌كانی شێخ مه‌حموود كه‌ بۆ كه‌سایه‌تی‌و شاعیران‌و هاوڕێیانی نوسیوه‌، نرخێكی به‌رزی ئه‌ده‌بیان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێوازێكی ئه‌ده‌بی نوسیونی‌و شیعریشی تێهه‌ڵكێش كردوون.

ئه‌م پیاوه‌ مه‌زنه‌ ته‌نانه‌ت له‌كاتی دورخستنه‌وه‌شی بۆ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عیراق بایه‌خی به‌چاپكردنی ده‌ستنوسه‌ به‌نرخ‌و ده‌گمه‌نه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی داوه‌‌و له‌ساڵی 1933 له‌شاری به‌غدا دوو كتێبی ده‌ستنوسی شێخ مارفی نودێ‌‌و كاكه‌ ئه‌حمه‌دی شێخی به‌چاپ گه‌یاندووه‌.

جوانترین شیعری كه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ژیانی دیلی‌و تاجی شاهیی دوژمنان نوسیویه‌تی شیعری شەڕی سورداشە كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكێتی:

نامه‌وێ‌ ژینی ئه‌ساره‌ت به‌سمه‌ عومری گومڕه‌هی
نایكه‌مه‌ سه‌رخۆم به‌ده‌ستی مودده‌عی تاجی شه‌هی
قه‌د به‌ئه‌مری دوژمنانم نامه‌وێ‌ فه‌رمانڕه‌هی
نامه‌وێ‌ ته‌ختی كه‌ی‌و به‌ختی جه‌م‌و شاهنشه‌هی
به‌داخه‌وه‌ مه‌لیكی كوردستان له‌ ٩ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٥٦ كۆچی دوایی كرد.
درودی رێزو وه‌فا بۆ رۆحی پاكی شێخ مه‌حمودی مه‌لیك و شاعیر له‌یادی كۆچی دواییدا.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP