دواین هەواڵ

ئابوری‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 9ـی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز 

وەزارەتی دارایی هەرێم، لیستی مووچەی مانگی (9)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی خشتەکە، سبەینێ هەینی، 18-10-2024، بە خانەنشینی مەدەنی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە، 24-10-2024، بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 16-10-2024)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردەوە: "بڕی 109 ملیار و 663 ملیۆن و 329 هەزار دینار وەك شایستەی ڕاگیراوی مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران، تەمووز، ئاب و ئەیلوولی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە یەکچوو بوو، لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدا بوو؛ خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: "بڕی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێستە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابوورییدایە، نزیکەی 800 ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی 997 ملیار دینارە." 

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو: "شاندی تەکنیکیی وەزارەتەکەیان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە هەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەی تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو."                     



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP