هەرێم نیوز
یاریدەدەریى سەرۆکوەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ پڕۆسەى وردبینى لە لیستى مووچەى مانگى نۆى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە تەواو بووە”.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەریى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لەگەڵ گەیشتنى پارەى تەواوکاریى مووچەى مانگى هەشت خشتەى دابەشکردنى مووچە رادەگەیەنرێت و سەرجەم وەزارەتەکان لەماوەى چەند رۆژێکى کەم مووچە وەردەگرن".
ڕوونیشیکردەوە: "دەبوو ئەمڕۆ تا کاتژمێر 12ى نیوەڕۆ پارەى تەواوکاریى مووچەى مانگى هەشت لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بخرایەتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان بەڵام تا ئەم ساتە ئەو کارە نەکراوە".
ئاشکراشیکرد: "ئەمڕۆ پڕۆسەى وردبینى لە لیستى مووچەى مانگى 9ـى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە تەواو بووە".
جەختی لەوەشکردەوە: "لەو بڕوایەدام لەدواى دابەشکردنى مووچەى مانگى هەشت بە چەند رۆژێکى کەم مووچەى مانگى نۆش دابەشدەکرێت".
سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەکانى لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، ڕێباز حەملان دەشڵێت: "بڕیارە تا کۆتایى ئەمساڵ لیستێکى دیجیتاڵى بەگوێرەى سیستمى یوپى ئێن لەگەڵ بایۆمەترى هەموو فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کۆتایى بێت و ئەو کاتە هیچ کێشە و گرفتێک لەسەر لیستى مووچە نامێنێت و کێشەى مووچەخۆران کۆتایى دێت".