هەرێم نیوز
تا دێت ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان زیاتر دەبێت و وڵاتی چینیش داوا لە ھاووڵاتیانی دەکات بە زووترین کات ئیسرائیل بەجێبھێڵن.
باڵیۆزخانەی چین لە ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رەوشی ئەمنی بە درێژایی سنوری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەھۆی پێکدادان و بۆردوومانە بەردەوامەکانەوە زۆر ئاڵۆزە و رەوشی ئەمنی لە ئیسرائیلیش ئاڵۆز و مەترسیدارە و پێشبینی ناکرێت، بۆیە داوای لەو ھاووڵاتییە چینیانە کردووە کە لە ئیسرائیلن، بە زووترین کات بگەڕێنەوە یان خۆیان بگەیەننە شوێنێکی ئارام و پارێزراو.
ئەو ھۆشدارییەی چین بۆ ھاووڵاتیانی ھاوکاتە لەگەڵ ھەڕەشەکانی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان بۆ یەکتر، سەرباری داواکاری کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ خۆ بەدوورگرتن لە جەنگی گشتگیر لە ناوچەکەدا.
هەروەها، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23ی 9ی 2024، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، تەنها لە هێرشی بەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان 182 کەس کوژراون و زیاتر لە 727 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی میدیاکانی لوبنان هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل ناوچە مەدەنی و قەرەباڵغەکانی کردۆتە ئامانج و هەزاران دانیشتووی باشوری لوبنانیش ئاوارە بوون و ناوچەکەیان بەجێ دەهێڵن.