دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

حەسەن نەسڕوڵا لەنامەیەكدا بۆ خامنەیی "چیتر ناتوانین برینەكانمان بگەزین"

هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاشکرایکرد، کە سکرتێری گشتیی حزبوڵای لوبنان دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە توندانەی کە ئیسرائیل لە دژی ئەو حزبە دەستیپێکرد، پەیامێکی ئاڕاستەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران کرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە بزوتنه‌وه‌كه‌ی چیتر ناتوانێت دان به‌خۆیدا بگرێت.

رۆژنامەی (الجریدة)ی كوەیتی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئاشكرایكردووە، حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان، لەنامەیەكدا بۆ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆرششی ئێران، رایگەیاندووە: چیتر لە تواناماندا نەماوە "برینەكانمان بگەزین" پێویستە رێسای ئەو پێكدادانە بگۆڕین كە لەدوای ( ئۆكتۆبەرەوە پیادەمان كردووە، كە هاوسەنگی بووە لەنێوان پشتیوانیكردنی حەماس و، رێگەگرتن لەسەرهەڵدانی شەڕێكی سەرتاسەری لەگەڵ ئیسرائیل.

نەسڕوڵا لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە: حزبەكەی ناچارە بە فراوانكردنی بازنەی كردنە ئامانجی ئیسرائیل، دەستبەجێ‌ وەڵامی هەر گوزرێكی سەربازی ئیسرائیل دەدەنەوەو، هاوڵاتیانی ئیسرائیلیش دەكەنە، ئامانج ئەگەر ئیسرائیل هاوڵاتیانی لوبنان بكاتە ئامانج.

بەوتەی سەرچاوەكە، سوپای پاسدران كە نامەكەی رادەستی خامنەیی كردووە، توانیویانە قەناعەتی پێبكەن بە رێگەدان بە حزبوڵا بە بەكارهێنانی هەندێك چەكی نوێ‌، كە تاران پێشتر لەگەڵ واشنتۆن و باریس رێككەوتنی كردووە لەسەر بەكارنەهێنانی، سەرەڕای دژایەتیكردنی سەرۆك مەسعود پزشكیان، كە دوێنێ‌ بەرەو نیویۆرك كەوتەڕێ‌.

هاوكات تاران پەیامی داوە بە واشنتۆن، ناتوانێت زامنی ئاسایشی هێزەكانی ئەمریكا بكات لەناوچەكە، لەحاڵەتی دەستوەردانی ئەمریكا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل، ئەگەر جەنگەكە پەرەبسێنێت و، هاوپەیمانەكانی چیتر پابەندی هیچ رێسایەكی پێكدادان نابن، دوای ئەوەی ئیسرائیل تەواوی رێساكانی پێشێلكردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP