دواین هەواڵ

جیهان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد بن سەلمان: تا دەوڵەتی فەڵەستین سەربەخۆ نەبێت دان بە ئیسرائیلدا نانێین

هەرێم نیوز 

شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاندووە، تا دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختەکەی دانەمەزرێت، سعودییە دان بە ئیسرائیلدا نانێت.

محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند:" دۆزی فەلەستین لە لوتکەی کاروباری شانشینی سعودیەدایە، ئێمە دەستبەرداری هەوڵەکانمان نابین بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین و قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختەکەی، و ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دروست ناکەین تاوەکو ئەمە بەدەست نەهێنرێت".

ئەم قسانە لە کاتێکدایە، کە محمد بن سەلمان، لە 20-9-2023 رایگەیاندبوو، سعودیە و ئیسرائیل رۆژ بە رۆژ "نزیکتر دەبنەوە" لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. بەڵام جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و دراوسێ عەرەبییەکانی، لە نێویاندا سعودیە، وەستا.

لە ساڵی 2020 بە گڵۆپی سەوزی سعودیە، ئیمارات و بەحرەین رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، لەوکاتەوە ئەمریکا هەوڵی داوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.

لە ساڵی 1988ەوە کە یاسر عەرەفات، سەرۆکی ئەوکاتی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین، ئامادەیی خۆی بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بە دانپێدانانی ئیسرائیل راگەیاند، تا ئەمڕۆ 147 حکومەت لە جیهاندا دانیان بە "دەوڵەتی فەلەستین"دا ناوە.

لە دوو مانگی رابردوودا، چەندین وڵاتی جیهان بەفەرمی دانیان بە سەربەخۆیی فەڵيستین ناوە، وەکو ئیسپانیا، جامائیکا، نەرویج، ئێرلەندە، ئەرمینیا و سلۆڤینییا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP