دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

جارێکی دیکە ئێران هەڕەشە ئیسرائیل دەکات

هەرێم نیوز

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لەسەر هێرش و بریندارکردنی باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت، ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی 9ی 2024، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی پەیامێکی هاوخەمیی ئاراستە خەڵکی لوبنان کرد و داواشی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان جێبەجێ بکەن. 

هەروەها ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی پێشکەشی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و ڕایگەیاندووە "کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ڕێکاری پێویست بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەگرێتەبەر بەرانبەر بەو کردەوە قێزەون و پێشێلکارییە یاسایانەی ئیسرائیل، کە بەهۆیانەوە باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت بریندار بووە".

ئیروانی ڕاشیگەیاندووە، وڵاتەکەی بەدواداچوونی جیددی لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان دەکات. داواشی کردووە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش بە توندی ئیدانەی کردەوەی تیرۆریستی و تاوانە ترسناکەکانی ئیسرائیل بکەن کە دژ بە سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوبنان و هەروەها پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان  و پەلاماردانی خەڵکی لوبنان کردوویەتی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سێشەممە، 17ی ئەیلوولی 2024، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا پیلی ئامێرە بێتەلەکانی پەیوەندی جۆری پێجەری لە سەرتاسەری لونبانی تەقاندەوە و بە گوتەی فرانس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان لەو هێرشە ئەلیکترۆنییەدا 12 کەس کوژراون کە دووانیان منداڵن و نزیکەی دوو هەزار و 800 کەسی دیکەیش برینداربوون، لە نێویاندا نزیکەی 300 کەس برینەکانیان سەختە کە جیا لە ئەندامانی حزبوڵلا، ئافرەت و منداڵیش هەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP