دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

دادگای فیدراڵی پشتیوانی هەمواری یاسای باری كەسێتیی دەكات

هەرێم نیوز 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە لێكدانەوەیەكی دەستوریی پشتیوانی خۆی بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتیی راگەیاند، هەموارێك كە رێگە بە بەشودانی كچانی تەمەن (9 ساڵ) دەدات و ناڕەزایەتی لێ كەوتوەتەوە.

موحسین مەندەلاوی لەبری سەرۆكی پەرلەمان، داواكایەكی ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كردووە بۆ لێكدانەوەی دەقی ماددەی (41)ی دەستور.

ماددەی (41)ی دەستور دەڵێ:" عێراقییەكان ئازادن لە پابەندبوون بە باری كەسایەتیی خۆیانەوە، بەپێی ئاین و مەزهەب و بیروباوەڕو بژاردەی خۆیان، ئەمەش بە یاسا رێكدەخرێت".

سەرۆكی پەرلەمان ئەم پرسیارەی بۆ ئەوە لە دادگا كردووە، چونكە پەرلەمان لەسەر داوای شیعەكان سەرقاڵی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتییە، ئەمەش ناڕەزایەتیی لێكەوتوەتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەموارەكە دەرگا دەكاتەوە لەسەر بەشوودانی كچانی تەمەن (9 ساڵ).

دادگای فیدراڵی لە وەڵامی سەرۆكی پەرلەماندا، بەوشێوەیە لێكدانەوەی بۆ ماددەی (41)ی دەستور كردووە كە "دەستور مافی رێكخستنی باری كەسێتیی بە گەلی عێراقی داوە بەگوێرەی ئاین و مەزهەب و بیروباوەڕ یاخود بژاردەی تایبەتی خۆیان، لەسەر بنەمای یاسا نەبێت، نابێت پەیڕەوكردنی ئەم مافە كۆتوبەند یان سنوردار بكرێت".

بەمەش دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پشتیوانی لە هەوڵی شیعەكان كرد بۆ گۆڕینی یاسای باری كەسێتیی عێراق لەرێگەی پەرلەمانەوە.

هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سكاڵایەكی پەرلەمانتار (نور نافع)ی رەتكردەوە، كە داوای كردبوو دادگای بڕیاری داخڵكردنی هەمواری یاسای باری كەسێتیی لە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە. دادگا رایگەیاند ئەم بابەتە لە تایبەتمەندی كاری ئەو نییە.
پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقە و لەلایەن رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە.

رۆژی 24ـی تەممووزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرد و تاوتوێکردنی دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی مانگی ئابی پەرلەمان، هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.

لە نیوەی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 8-8-2024 خۆپێشاندان دژی هەوڵەکە کرا؛ خۆپێشاندەران داوایان کرد هەموارەکە لە پەرلەمان بکشێندرێتەوە و رەتبکرێتەوە.

بۆ رێگەگرتن لەو هەوڵە، هاوپەیمانیی 188 لە ژمارەیەک رێکخراو، هێزی مەدەنی، چالاکڤانی رێکخراوە مەدەنییەکان پێکهاتووە.

هەروەها رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) 19ـی ئاب، راگەیێندراوێکدا بەناونیشانی "عێراق، پەرلەمان خۆی بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیریی منداڵان ئامادە دەکات" بڵاوکردەوە.

رێکخراوە جیهانییەکە رایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسی رێگە بە مەرجەعەکانی ئایینی دەدات لەجیاتی یاساکانی دەوڵەت کاروباری هاوسەرگیری و میرات لە دژی مافەکانی بنەڕەتی رێکخبەن.

هیومەن رایتس وۆچ راشیگەیاند: "هەموارەکە شوێنەواری کارەساتبار لەسەر مافەکانی کچان و ژنان بەجێدەهێڵێت و رێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی خوار تەمەن 9 ساڵ دەدات".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP