دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

سودانی: دەمانەوێت هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە

هەرێم نیوز
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ واده‌ی كۆتاییهاتنی ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراقی ئاشكراكرد و ده‌ڵێت، "عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر ئیداره‌یه‌كی نوێی ئه‌مریكا ده‌كات"، له‌باره‌ی هەناردەی نەوتی هەرێمیشەوە باس له‌وه‌ده‌كات، "عێراق په‌رۆشی كێشه‌ی په‌یوه‌ست به‌ هه‌نارده‌كردنه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌، گفتوگۆكانیش له‌گه‌ڵ هه‌رێم و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان به‌رده‌وامن".

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریكی دەڵێت، پابەندین بە بڕیارەكانی ئۆپێك، بەوشێوەیەی پارێزگاری لە نرخی نەوت و، هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندی بەرهەمهێنەرو بەكاربەردا دەكات، ئێمە لەبەردەم دوو بژاردەداین، لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانی توركیەوە، هەمواركردنەوەی گرێبەستەكان، كە كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم رەتیانكردووەتەوە، یان هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، ئەوەش پرسێكە پێویستی بە سازانی سیاسیە.

سەبارەت بەمانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق راشیگەیاند: پاساوەكانی مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆتایهاتووە، عێراق (2024) عێراقی (2014)نیە، لە قۆناغی جەنگەوە چووینەتە قۆناغی سەقامگیری و، داعش هەڕەشە نییە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق.

گفتوگۆیەكی راشكاوانەمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستپێكردووە و، لیژنەی دووقۆڵیمان پێكهێناوە، لەپێناو رێكسختنی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەمزوانە كۆتایهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق رادەگەیەنرێت.

وتیشی: كۆتایهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، مانای كۆتایهاتنی پەیوەندی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان نیە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، گفتوگۆ دەكەین بۆ بونیادنانی پەیوەندیەكی ئەمنیی بەردەوام و پەیوەندی ئابوری و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و زانستی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "عێراق ڕێز له‌ هه‌ڵبژاردنی گه‌لی ئه‌مریكا ده‌گرێت و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر ئیداره‌یه‌ك ده‌كات كه‌ متمانه‌ی گه‌لی ئه‌مریكای هه‌بێت، ئه‌وه‌ی بۆ عێراق گرنگه‌، كاراكردنی ڕێككه‌وتنی ستراتیژی دوو قۆڵی و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی كه‌ رێكه‌وتون".

سودانی ئەوەشیخستەڕوو، "تێگه‌یشتن له‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و ڕێزگرتنی یه‌كتره‌، ئێرانیش پاڵپشتی پرۆسه‌ی سیاسی و پاڵپشت بوه‌ له‌ تێكشكاندنی داعش". عێراق تاكە دەوڵەتی ناوچەكەیە، كە پەیوەندیەكی تایبەتی لەگەڵ ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP