دواین هەواڵ

ئابوری‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

وەزیری پەروەردە: فەرمانی بە گرێبەست بوونی مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێت چوو

هەرێم نیوز 

وەزیری پەروەردە رایگەیاند، فەرمانی بە گرێبەست بوونی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە تەواوکرا و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش بە نوسراوی فەرمی لیستەکەی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری نارد

ئەمڕۆ دووشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، تێیدا هاتووە، لەسەرفەرمانی مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە گرێبەست بوونی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە تەواوکرا. 

ئاماژەی بەوەش کردووە، دکتۆر ئومێد سەباح ، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی فەرمی لیستی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەی نارد بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆتەواوکردنی ڕێککارەکان.

وتیشی، لە ١ ی ٩ ی ٢٠٢٤ وە موچەی مامۆستای  گرێبەستیان بۆ خەرج دەکرێت بە گوێرەی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠١٩.

لای خۆیەوە، کارۆخ عەبدوڵلا نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە 1ی 9ی 2024 یەکەم مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە مانگی ئەیلوولەوە دەبێت، واتا لە مانگی نۆوە، مامۆستایانی وانەبێژ مووچەکانیان بەشێوەی گرێبەست وەردەگرن کە لەنێوان 400 بۆ 500 هەزارە .

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلوولی 2024، له دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئیمزا لەسەر ناو و لیستی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ کراوە کە بوونەتە گرێبەست .

وتیشی، لە ئەمڕۆوە لیست و ناوەکان دەنێرێنە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەستی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت .

ئەمەش لەکاتێکدایە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە (4142) لە 28ـی ئابی 2024، فەرمانی دامەزراندنی وانەبێژانی بە گرێبەست واژۆ کرد، کە تێیدا هاتووە: بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی گەورەی مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا، ئەو بڕیارەیان داوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP