هەرێم نیوز
شەوی ڕابردوو لە هێرشێکدا لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، سێ پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لێکرا و کوژران. گروپی "جەیش ئەلعەدل" بە قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە، ڕایگەیاند کە ئەو هێزانە ڕۆڵیان لە ڕاوەدوونانی و کوشتنی کەسانی سووتەمەنیبەری ناوچەکە هەبووە.
خەڵکی ئەو ناوچەیە بەهۆی هەژارییەوە کاری گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ پاکستان دەکەن و ئێرانیش ئەم کارە بەقاچاغی ناودەبات و ڕێگرییان لێدەکات و زۆرجاریش لێیان دەکوژێت.
گروپی جەیش ئەلعەدلیش هێزێک سونی چەکداری ناوچەکەیە و لە خەڵکی بەلوچی ئەو سنوورە پێکهاتووە و دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا هێرشەکان بۆ سەر هێزە سەربازییەکان و پاسەوانانی سنووری ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە سنوورێکی هاوبەشیان لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان هەیە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
جەیش ئەلعەدل بەرپرسیارێتی زۆرێک لەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرتووە، لەوانەش چەندین هێرشی کوشندە بۆ سەر بنکەکانی پۆلیس لە شارۆچکە سنوورییەکانی ئێران.
دادوەری گشتی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئەم ڕووداوەی بە تیرۆریستی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە سێ پاسەوانی سنوور بە ناوەکانی پارسا سوزانی، ئەمیر ئیبراهیم زادە و محەممەد ئەمین نارۆی لەم هێرشەدا گیانیان لەدەست داوە. هاوکات لەم ڕووداوەدا هاووڵاتییەکی مەدەنیش بریندار بووە.