هەرێم نیوز
سەرەڕای ئەوەی چەندین ڕاپرسی دەرکەوتووە کە کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە دیبەیتەکەدا بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان، بەڵام ترەمپ دەڵێت ئامادە نییە جارێکی دیکە دیبەیت لەگەڵ هاریس بکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "ڕۆیتەرز"، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروز سۆشیاڵ" نووسیویەتی: دیبەیتی سێیەم نابێت".
ترەمپ ئاماژەی بە یەکەم دیبەیتی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی پێشووی دیموکراتەکان لە مانگی حوزەیران و دووەم دیبەیتی لەگەڵ هاریس لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دەکرد.
هەرچەندە ترەمپ لە دیبەیتی ڕۆژی سێشەممەدا لەگەڵ هاریس ستایشی ئەدای خۆی کرد، بەڵام شەش پاڵپشتیکاری دارایی کۆمارییەکان و سێ لە ڕاوێژکارەکانی کە لەم هەفتەیەدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەیان کردووە، ڕایانگەیاندووە کە پێیانوایە هاریس لە دیبەیتەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو لەبەر ئەوەیە کە ترەمپ نەیتوانی پەیامەکەی بە ئامادەبووان بگەیەنێت.
دیبەیتی ڕۆژی سێشەممە 67.1 ملیۆن بینەری بەخۆیەوە بینی. لە کاتێکدا ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە ئەو لە دیبەیتەکەدا سەرکەوتووە، بەڵام چەندین ڕاپرسی دەریدەخەن کە هاریس باشتر بووە.
بەپێی ڕاپرسییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز/ئیپسۆس، 53%ی دەنگدەران ڕایانگەیاندووە کە پێیانوایە هاریس سەرکەوتووە و 24%یان ڕایانگەیاندووە کە ترەمپ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. 54%ی دەنگدەرانی تۆمارکراو پێیانوابوو یەک دیبەیتی نێوان ترەمپ و هاریس بەسە، لەکاتێکدا 46% خوازیاری دیبەیتی دووەم بوون.
بەپێی ڕاپرسییەکی خێرا کە سی ئێن ئێن کە ڕاستەوخۆ دوای دیبەیتەکە بڵاوکراوەتەوە، زۆربەی بینەران ڕایانگەیاندووە کە هاریس لە ترەمپ باشتری کردووە. هەروەها لە ڕاپرسییەکەی YouGov دەرکەوتووە کە لەسەدا ٥٤ی بەشداربووان هاریسیان وەک براوە بینیوە و لەسەدا ٣١ی بەشداربووان ترەمپیان وەک براوە زانیوە.