دواین هەواڵ

ئابوری‌

 05/09/2024

رێباز حەملان: لیستی مووچەی مانگی 8 رەوانەی بەغدا دەکرێت

هەرێم نیوز

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند،" ئەمڕۆ وردبینی کردنی لیستی مووچەی مانگی 8 تەواو بکرێت، ئەگەر هەیە هەر ئەمڕۆ یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بنێردرێتە بەغدا ، چونکە لە %95 ی داواکارییەکانی عێراق جێبەجێکراون و تەنیا چەند خاڵێکی کەمی ماوە و ئەوانیش بەم زووانە چارە دەکرێن".

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری کاروباری دارایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ، هاوکات لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکوەزیرن، مەسرور بارزانی، نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا هەم وەزیری دەرەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی پارتی بەردەوامن بۆ ئەوەی هەرچی زووە کێشەکان چارە بکرین.

لە بارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەی تەممووز لەلایەن بەغداوە،  وتی، چەند تێبینی و سەرنجێکی لەسەر بوو، بەڵام بۆ مووچەی مانگی ئاب، ڕەنگە ئەمڕۆ وردبینی کردنی لیستی مووچە تەواو بکرێت، ئەگەر هەیە هەر ئەمڕۆ یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بنێردرێتە بەغدا.

سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ خانەنیشنانی بەغدا، ڕێباز حەملان وتی: خانەنشینی پێشمەرگە خۆیان لیستیان نەناردبوو، زیندانیانی سیاسییش خۆیان لیستی مانگی حەوتیان ڕەت کردبووەوە، بەڵام وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەی دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا لە پرسەکانی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ بەغدا هاوتا بکەین بۆ ئەوەی چیتر کێشە و گرفت لە بارەی بڕیار و ڕێنماییە داراییەکان دروست نەبێت.

باسی لەوەش کردووە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری وەزاری فیدراڵی عێراق لە هەولێر بڕیار بوو ئەم هەفتەیە بکرێت بەڵام دواخرا بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو کە کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ دەبێت، وەزیرانی دارایی، بازرگانی و سەرۆکی دەستەی دەروازە سنووریی و گومرگییەکان، سەرۆکی بانکی ناوەندی و پارێزگاری بانکی ناوەندی دێنە هەولێر، فوئاد حسێن سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە مووچە، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، باج و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ دەکرێن و دەبرێتەوە بەغدا و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  بڕیاریان لەسەر دەدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بڕیارە پێش 15ـی ئه‌م مانگه‌ مووچه‌ی مانگی هه‌شت بگات و ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP