هەرێم نیوز
لە کاتێکدا کە میدیاکان بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە سەرنجیان لەسەر هەواڵی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بوو، هێزەکانی دیکەی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لوبنانەوە تا عێراق لە ژێر هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکادان. لە هەمان کاتدا کە فواد شکەر و ئیسماعیل هەنیە کوژران، چوار فەرماندەی کەتایبیش لە عێراق کوژران.
شەوی سێشەممە، چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ئیسماعیل هەنیە لە تاران بکرێتە ئامانج، فەواد شکەر، فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵا لە لوبنان و یەکێک لە ڕاوێژکارە نزیکەکانی حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی ئەم گرووپە، لە هێرشێکدا بۆ سەر بەیروت کوژرا.
هاوکات لەگەڵ ئەم دوو کوژراوە، چوار ئەندامی گرووپی حیزبوڵڵای کەتایبی عێراقی کە گرووپێکی شیعەیە و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە باشووری بەغداش کوژران.
میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، کاتژمێر ٢٢:٠٠ی ڕۆژی سێشەممە، لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکی بۆ ناوچەی سەیدات لە پارێزگای بابل، ئەحمەد نەجم عەبدولزەهرا ناسراو بە ئەبو حەسەن ئەلمالیکی، یەکێک لە فەرماندەکانی کەتایب، حسێن کەریم کازم ئەلدەراجی و حەیدەر حەسەن حوسێن ئەلسەعدی و عەلی سدیق موسەوی کوژران.
لە بەیاننامەی حیزبوڵڵای کەتایبی عێراقدا هاتووە، ئەو هێزانە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیان بۆ دابینکردنی ئاسایشی مەراسیمی عەربەعین کراونەتە ئامانج.
هەر لەو پێوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵی شەفەق لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، شەش ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەهۆی تەقینەوەکانەوە کوژراون و برینداربوون کە هۆکاریان نادیارە لە شوێنەکانی سەر بە هێزەکانی حزبوڵای کەتایب لە پارێزگای بابیلی باکووری عێراق.
هاوکات "ئەلعەین" بە گێڕانەوەی شارەزایانی خۆی، بە ئاماژەدان بە بەئامانجکردنی هێزە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، نووسیویەتی ڕوودانی شەڕێکی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا بەندە بە وەڵامدانەوەی تاران.
ئەم ماڵپەرە لە زاری شارەزای سیاسییەوە نووسیویەتی کە وەڵامی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئیسرائیل ئەمجارە یەکلاکەرەوە و ڕاستەوخۆ دەبێت، چونکە هەنیە میوانی بیانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
دەشڵێت: ئیسرائیل له کوژرانی هەنیەدا دوو هێرش بووە، هەم بۆ سەر سەروەری ئێران و هەم بۆ سەر شکۆی، و جگه له کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، حیزبوڵڵاش وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی دەداتەوه.