دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئیسرائیل هێرشدەکاتە سەر ئێران؛ کوێ بەئامانج دەگرێت

هەرێم نیوز

گومان لەوەدا نەماوە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئێران، بەڵام کوێ بەئامانج دەگرێت؟ ڕۆژنامەیەک دەڵێت ئەگەری هەیە بنکەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لە ئامانجی هێرشەکە بێت، یان ئەو بنکەیەی کە ئێران پێشتر بۆردوومانی هەولێری کردبوو.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شوێنە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج، باسی لە هەندێک شوێن کردووە کە ڕەنگە ئامانجی ئیسرائیل بن لەم هێرشەدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست، هەرچەندە بنیامین نەتانیاهو، دوای ئەوەی جۆ بایدن داوای لە ئیسرائیل کرد هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ژێرخانی نەوتی ئێران، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی هێرش نەکاتە سەر ئەو دامەزراوانە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "بەرژەوەندی نیشتمانی" ئیسرائیل نەک ئەمریکا ، ئامانجەکانی هێرشەکە دیاری دەکات.

شوێنە سەربازییەکان

مایکل ئالن، بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ئیدارەی جۆرج بوش، بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە، ڕەنگە ئیسرائیل، نەک تەنها لەبەر داواکاری بایدن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئێران کاردانەوەی نەبێت لە داهاتوودا، هێرش نەکاتە سەر ئامانجە نەوتییەکان یان ئامانجە ئەتۆمییەکان. بەڵکو هێرش بکەنە سەر ئامانجە سەربازییەکان، ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "ئیسرائیل یەک فیشەک بەفیڕۆ نادات. پێموایە هێرشەکانیان زۆر ورد و دیاریکراو بێت".

بە گوتەی ئەم شارەزایە لە ئاسایشی نەتەوەیی، بە ئامانجگرتنی شوێنە مووشەکییەکانی ئێران، لۆژیکیترین بژاردە دەبێت بۆ ئیسرائیل ئەگەر بیەوێت توانای ئێران لە تۆڵەسەندنەوەدا کەم بکاتەوە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیویەتی، ئێران چەندین شوێنی هەڵدانی مووشەکی هەیە، لەوانە بنکەی مووشەکی تەبرێز و ئیمام عەلی لە "شەهرە کورد" کە ناوەندی مووشەکی ژێر زەوین، هەروەها بنکەی مووشەکیی کرماشان، کە بەهۆی هەڵکەوتنیان لە ڕۆژئاوای ئێران بۆ ئیسرائیل مەترسیدارترن.

بنکە مووشەکییەکانی تەورێز کە بە بنکەی "ئازەرشار"یش ناسراوە، لەم بنکەیەوە دوو ساڵ لەمەوبەر، مووشەکی خەیبەر شکێن-ی بەرەو هەولێر ڕەوانە کرا و لە ساڵی 2023ش مووشەکی فاتیح ١١٠ ئاراستەی ئیسرائیل کرا.

هەروەها بنکەی باختەران لە کرماشان؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەڵما، لە ئیسرائیل، لە ڕاپۆرتێکدا، ئەم بنکەیەی وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییە مووشەکییەکانی ژێرزەمینیی کۆماری ئیسلامی ئێران ناساندبوو.  بەگوێرەی ئەم ناوەندە، ئەم بنکەیە شوێنی سەرەکی مووشەکەکانی "قیام" و بەشێکە لە بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بنکەیەکی تر، بنکەی مووشەکی ئیمام عەلی ٢٠ کم لە خوڕەمابادەوە دوورە، کە ئیسرائیل ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر وەک ناوەندی سەرەکی پاراستن و هەڵدانی مووشەکی "شەهاب ٣" و مووشەکەکانی تری لە جۆری شەهاب ناساندبوو.

و لە کۆتاییدا، بنکەی دەریایی بەندەر عەباس کە پێدەچێت ئاماژە بە بنکەی یەکەمی دەریایی سوپای پاسداران بکات و بە نزیکترین ناوچەی دەریایی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمزەوە دادەنرێت، ئامانجێکی دیکەیە کە لە ڕاپۆرتی واشنتۆن پۆستدا وەک ئامانجێکی ئیسرائیل ئاماژەی پێکراوە.

ژێرخانی نەوت

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت ئەگەری هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان هەیە و ئاماژە بە قسەکانی جۆ بایدنیش دەکات، کە وتی: "ئەگەر من لە شوێنی ئیسرائیل بومایە، بیرم لە بژاردەی دیکە دەکردەوە لەبری هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکان"، ڕۆژنامەکە نووسیویەتی کە ڕەنگە ئیسرائیل بیەوێت هێرش بکاتە سەر ئەم شوێنانە و لەڕێگەی دروستکردنی فشاری ئابووری بۆ وڵاتی ئێران، لە ئەنجامدا خەڵک دژی حکومەت بجووڵێنێت.

دامەزراوە ئەتۆمییەکان

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسفەهان (کە ناوەندێکی بەرگری لەوێ لە دوای یەکەم هێرشی ئێران بوو بە ئامانجی هێرشی مووشەکی ئیسرائیل)، ڕایگەیاندووە کە ئەم پارێزگایە بنکەیەکی سەربازی و دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی نەتەنزی تێدایە.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لە کارگەی پیتاندنی فێردۆ لە پارێزگای قوم کراوە و باس لەوە دەکات کە ئەم دامەزراوەیە لە ژێر زەویدایە، ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامانجێکی قورستر بۆ ئیسرائیل.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP