دواین هەواڵ

جیهان‌

 01/08/2024

ئیسرائیل دەڵێت لە ئامادەباشی تەواوداین

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل لە ئامادەباشی تەواودایە، ئەمەش وەک وەڵامێک بەرامبەر بە پەرەسەندنی هەڕەشەکان، کە ڕەنگە ئێران یان هاوپەیمانەکانی وەڵامی کوشتنی بەرپرسانی باڵای گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان و بزووتنەوەی حەماس لەم هەفتەیەدا بدەنەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی، دوای سەردانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ئیسرائیل بەباشی ئامادەکاری بۆ هەر سیناریۆیەکی بەرگری یان هێرشبەری کردووە.  "هەرکەسێک ڕێوشوێنی دوژمنکارانە بەرامبەر ئێمە بگرێتەبەر، هەرکەسێک بێت، باجێکی قورس دەدات".

ناوبراو سەبارەت بە کوشتنی محەممەد زەیف، فەرماندەی کەتیبەکانی ئەلقەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە وتی: "بە دڵنیاییەوە کوژرانی زەیف-مان پشتڕاستکردەوە" و ئاماژەی بەوەدا: "کوشتنی زەیف ئەو بنەمایە دەسەلمێنێت کە هەرکەسێک ئەگەر زیانێکمان پێ بگەیەنێت، ئێمەش زیانی پێدەگەیەنین”.

هەر لەو پێوەندییەدا، ماڵپەڕی هەواڵی "ئەکسیۆس" بە گێڕانەوەی بەرپرسێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە ناتانیاهۆ و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باس لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.

هەریەک لە ئێران و حەماس و حیزبوڵڵا، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لە ئیسرائیل کردووە، حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل چووەتە قۆناغێکی نوێوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP