دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 01/08/2024

نیویۆرک تایمز: هەنیە بەهۆی بۆمبێکی چێنراو لە تاران کوژرا

هەرێم نیوز

لە کاتێکدا لە سەرەتای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حە.ما.س لە ڕۆژی چوارشەممە، هەواڵێک هەبوو کە ئاماژە بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراوی لە تاران دەکرد، بەڵام ئێستا، پێنج بەرپرسی شارەزا ئەوەیان ئاشکرا کرد سەرکردەکەی حەماس بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە کوژراوە، کە لەو ژوورەی هەنیە تێیدا دەمایەوە، جێگیرکرابوو.

پێنج بەرپرسی شارەزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بڵاوکراوەی ئەمریکی "نیویۆرک تایمز"یان ڕاگەیاندووە کە ئەم بۆمبە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لەم میوانخانەیەدا چێنراوە.

ئەم میوانخانە کە لەلایەن سو.پای پا.سدارا.نی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت و پاسەوانی دەکرێت، بەشێکە لە کۆمەڵگایەکی گەورە بە ناوی "نیشات"، کە دەکەوێتە گەڕەکێکی ڕاقی لە باکوری تاران.

بڵاوکراوەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری ئەم پێنج بەرپرسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاویکردەوە، بۆمبەکە لە دوورەوە کۆنترۆڵکراوە و دوای دڵنیابوون لە بوونی ئیسماعیل هەنیە لە ژووری خوازراوی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لەم میوانخانەیەدا، تەقیوەتەوە.

هەروەها لە تەقینەوەکەدا یەکێک لە پاسەوانە تایبەتەکانی هەنیە کوژرا.

بە وتەی کاربەدەستانی ئێران و ئەندامانی سو.پای پا.سدارا.ن کە ئاگاداری ئەو ڕووداوە بوون، تەقینەوەکە بووەتە هۆی لەرینەوەی باڵەخانەکە و بەشێک لە پەنجەرەکانی شکان و بەشێکی دیوارێکی دەرەکیی ئەو شوێنی نیشتەجێبوونە داڕما.

زیانەکان بە ڕوونی لەو وێنەیەی بیناکە دەرکەوتووە، کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکراوەتەوە.

به پێی ئەو سەرچاوه ئاگادارەکان، ئیسماعیل هەنیه که بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماس بوو لە قەتەر، له سەردانەکانی بۆ تاران چەندین جار لەم میوانخانەدا مابووەوه.

ئەو بەرپرسانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، وردەکاریی هەستیاریان سەبارەت بە کوژرانی هەنیە ئاشکرا کرد کە بە نیشانەی لاوازی ئەمنیەتی و بە گورزێکی گەورە لە ئێران و حەماس دادەنرێت.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هەنیە و پاسەوانە تایبەتییەکەی ڕاستەوخۆ دوای تەقینەوەکە گیانیان لە دەست دا و هەوڵەکانی تیمی پزیشکی لە میوانخانە بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان شکستی هێنا.

هەروەها باس لەوە کراوە کە زیاد نەخالە یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی فەلەستینی "ئەلجیهاد" لە ژووری تەنیشت ژووری هەنیە لەم میوانخانەیەدا بووە، بەڵام هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە ئاگادارانە، خەلیل ئەلحەیە، سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەی حەماس کە لەگەڵ هەنیە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، سەفەری تارانیان کردبوو، چووە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمی ئیسماعیل هەنیەی بینیوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP