هەرێم نێوز
چەندین میدیای ئەمریکی و بەریتانیا باسیان لەوە کردووە کە ئاڵوگۆڕێکی بەرفراوانی زیندانییەکان لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکەدا بەڕێوەدەچێت.
سی ئێن ئێن، بلومبێرگ و سکای نیوز لەو میدیایانەن کە لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویانکردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نۆ چالاکوانی ڕووسی و هاوڵاتییەکی ئەمریکی لەناکاو لە زیندانەکانی ڕووسیا دەرهێنراون، هەروەها ناوی چەند زیندانییەکی ڕووسی لە ئەمریکاش لە بنکە هەواڵگری زیندانەکان لابراون.
ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بووەتە هۆی پەرەسەندنی قسە و باسەکان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی زیندانییەکان لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی.
هیچ کام لە بەرپرسانی حکومەت لە واشنتۆن، مۆسکۆ یان پایتەختەکانی دیکە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەگەری ئەم ئاڵوگۆڕە زیندانییە نەداوە؛ بەڵام شرۆڤەکاران ڕۆژی پێنجشەممە ئاماژەیان بە نیشانەکانی ئەوە کرد کە ئەمە دەتوانێت گەورەترین ئاڵوگۆڕی دیلەکان بێت لە دوای جەنگی ساردەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “ هیچ لێدوانێکم لەسەر ئەم بابەتە نییە”.
پارێزەرانی بەرگری لە چەند کەسایەتییەکی دیاری زیندانەکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە بێ ئاگان لە شوێنی بریگرەکانیان؛ دۆخێک کە زۆرجار لە کاتی گواستنەوەی زیندانییەکان ڕوودەدات. ڤلادیمێر کارا مۆرزا و ئیلیا یاشین چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن لەو کەسانەن.
پۆڵ ویلن، هێزی دەریایی پێشووی ئەمەریکایە و بەهۆی سیخوڕیەوە سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، یەکێکە لەو زیاتر لە 10 هاوڵاتی ئەمریکییە کە ئێستا لە زیندانەکانی ڕووسیادان.
ئەو و حکومەتی ئەمریکا ئەم تۆمەتە بە سیخوڕی ڕەتدەکەنەوە.