هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی چین رێککەوتنی لەگەڵ هیندستان لەسەر پابەندبوون بە ئاشتی و ئاگربەست لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات راگەیاند.
لە میانەی کۆتاییهاتنی سێیەمین کۆبوونەوەی میکانیزمی کار و راوێژ و هەماهەنگی لەسەر سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات، وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا ئاگربەست و رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی چین راگەیاند.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی پەیوەندیی نێوانیان لەڕێگەی دیبلۆماسی و سەربازییەوە لەگەڵ بەهێزکردنی پێکهێنانی میکانیزمی دانوستان و خێراکردنی پڕۆسەی دانوستان بە ئامانجی چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای سنوورەکان بە زووترین کات، هەروەها رێککەوتن لەسەر دروستکردنی زەمینە بۆ گەشەپێدان و بوژانەوە و سەقامگیری لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا.
هیندستان و چین لەسەر نزیکەی 60 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتی ئاروناچال پرادێش و لەسەر رووبەرێکی زۆری زەوییە شاخاوییەکان لە باکووری کشمیر ناکۆکییان هەیە.
لە مانگی ئایاری 2020 ناوچەی لاداخ پەرەسەندنێکی نوێی بەخۆیەوە بینی و زنجیرەیەک پێکدادان لە نێوان سوپای چین و هیندستان روویدا، بەڵام لە شوباتی 2021دا هەندێک لە هێزەکان لەو ناوچەیە کشانەوە و هەردوولا بەردەوام بوون لە دانوستانەکان.