دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 31/07/2024

لە ئەحمەد یاسینەوە تا هەنیە.... حەماس حیزبی سەرکردە کوژراوەکان

هەرێم نیوز

لە دامەزراندنى بزوتنەوەى حەماسەوە لە ساڵی 1987ـەوە تا ئێستا ژمارەیەکى زۆر لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانى لە لایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و لەناوخۆو دەرەوەى فەلەستین کوژراون، نەک هەر نەبوونەتە خاوکەرەوەو بەلاڕێدابردنى بزوتنەوەکە بەڵکو نەوەکانى دواى ئەوان بەردەوامییان داوە بەڕێبازەکانى ئەوان، وەک لە بەیاننامەکانى بزوتنەوەکەدا هاتووە. بەڵام میدیاکان باس لەوە دەکەن کاریگەریی هەبووە لە سەر ستراتیژو تەکتیکی کارکردنى بزوتنەوەکە.

کوشتنى دامەزرێنەرى حەماس:

شێخ ئەحمەد یاسین لە ساڵی 1936 لە دایکبووە، یەکێک بووە لە کاتى لاوێتیدا لە کاتى وەرزشکردندا کەوتوەو توشى نیمچە وشکبونى جەستەیی بوەو تاکاتى کوژرانەکەى لەسەر وێلچەر بووە، لە زانکۆی ئەزهەر خوێندنى تەواوکردووە و یەکێک بووە لە شارەزاکانى بوارى سیاسی و شەرعی و بەناوبانگترین گوتاربێژەکانى فەلەستین بووە و هەرگیز لە هێرشەکانى ئیسرائیل نەسڵەمیوەتەوە. چەند جارێک لە لایەن ئیسرائیل و میسریشەوە دەستگیرکراوە،  لە رۆژى 22ـى مارتى 2004 شێخ ئەحمەد یاسین دامەزرێنەرى بزوتنەوەى حەماس کەوتە بەرهێرشى فرۆکەکانى ئیسرائیل و کوژرا، لەکاتێکدا کە لە نوێژى بەیانى دەگەڕایەوە.

کوستنى رەنتیسی یەکێک لە دامەزرێنەرانى حەماس:

دکتۆرعەبدولعەزیز رەنتیسی، ساڵی 1947 لەدایکبووە، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانى حەماس، سەرۆکایەتى ناوچەى غەزەى کردووە، یەکێک بووە لەوانەى لە بواری رۆژنامەوانى و نوسیندا کارى کردووە، زانکۆی ئەسکەندەرییەى میسرى تەواوکردوەو مامۆستاى زانکۆ بووە، لەپاش کوژرانى ئەحمەد یاسین کراوەتە سەرۆکی حەماس و پاشان لە رۆژى 17ـى نیسانى 2004 لە لایەن کۆپتەرێکى ئیسرائیلییەوە کراوەتە ئامانج و لەگەڵ یەکێک لە پارێزەرکانى بەسەختى برینداربوون و دواتر لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.

کوشتنى شەحادە، سەرۆکی بەشى سەربازیى حەماس

دکتۆر سەڵاحەدین شەحادە، ساڵی 1952 لەدایکبووە، دامەزرێنەری بالی سەربازیی حەماس بووە، لە روسیا ماستەرى ئەندازیاریی و لە تورکیاش دکتۆراى بەدەستهێناوە، یەکێک بووە لە یایزانە بەهێزەکانى بەرزکردنەوەى کێش، بۆ ماوەى دوانزە ساڵ لە زیندانى ئیسرائیلدا بووە، لە رۆژی 23ـى تەموزی 2002 لە لایەن فرۆکەیەکى ئێف 16ـەوە لە نێو بازاڕێکى قەرەباڵغدا کرایە ئامانج و لەرێگەى بەردانەوەى بۆمبێکى گەورەى یەک تۆنییەوە کوژرا و 18 کەسى دیکەش لە هێرشەکەدا کوژراون.

کوشتنى عاروریی، سەرۆکى مەکتەبی سیاسی:

ساڵح عاروری لە ساڵى 1966 لەدایکبووە، یەکێک بووە لەسەرکردەکانى بزوتنەوەى حەماس و سەرۆکى مەکتەبی سیاسی حەماس بووە، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانى کەتیبەکانى قەسام – باڵی سەربازیی حەماس-، 18 ساڵ لە لایەن ئیسرائیلەوە خراوەتە زیندان، دواى بەربوونى دورخراوەتەوە بۆ سوریاو پاشان ئوردن مافى هاوڵاتیبوونى پێبەخشیوە، لە رۆژی 2ـى کانوونى دووەمی 2024 لە لایەن هێزە ئاسمانیەکانى ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و گیانى لەدەستدا.

خنکاندنى مەحمود مەبحوح لە ئیمارات:

مەحمود مەحبوح لە ساڵی 1960 لەدایکبووە، یەکێک بووە لە سەرکردەکانى کەتیبەکانى عیزەدین قەسام باڵی سەربازیی حەماس، یەکێک بووە لە وەرزشکارە بەناوبانگەکان، یەکێک بووە لەو کەسانەى بەردەوام چەکی بۆ بزوتنەوەکە پەیداکردووە و پلانى بۆ رفاندنى سەربازە ئیسرائیلییەکان داناوە، لە رۆژی 19ـى کانونى دووەمی 2010 لەیەکێک لە ئۆتێلەکانى دوبەى خنکێنرا.

کوشتنى مەقادیمە، ئەندامى مەکتەبی سیاسی:

ئیبراهیم ئەحمەد مەقادیمە ناسراو بە ئەبو ئەحمەد ساڵی 1952 لە دایکبووە، کۆلێژی پزیشکی ددانى تەواوکردووە، هەشت ساڵ زیندان بووە لە زیندانى دەسەڵاتى فەلەستین، لە رۆژی 3ـى ئازاری ساڵى 2003 کەوتە بەرهێرشی هێزە ئاسمانیەکانى ئیسرائیل و سێ لە پارێزەکانى کوژران لەگەڵ منداڵێکدا کە لەوێوە تێپەری دەکرد.

کوژرانى عیماد عەقل، سەرکردەى مەیدانى:

عیماد حەسەن ئیبراهیم عەقل، ساڵی 1971 لەدایکبووە، سەرکردەیەکى مەیدانى و سەربازیی حەماس بووە، ناسراو بووە بە سەرکردە حەوت رۆحەکە، لە کۆلێژى دەرمانسازیی وەرگیراوە و 18 بە هۆى مانەوەى لە زیندان بۆ 18 مانگ نەیتوانیوە درێژەى پێبدات و دواتر کۆلێژى شەریعەى تەواوکردووە. لە رۆژی 24ـى تشرینى دووەمى 1993 و لە تەمەنى 22 ساڵیدا لە لایەن سوپاى سیخوڕەکانى ئیسرائیلەوە کوژراوە. جەمیلە شەنیتى کە یەکێک بوو لەو ژنانەى ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس بوو  دواى ئەوەىى لە 18ـى ئۆکتۆبەری 2023 لە لایەن فرۆکەکانى ئیسرائیلەوە هێرش کرایە سەر ماڵەکەى کوژرا.

ئەندازیار یەحیا عەیاش، یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانى حەماس، لەڕێگەى دانانى بۆمبێکى چێنراو لەنێو مۆبایلەکەیدا، لە رۆژى 5ـى کانوونى دووەمى 1996 کوژرا، عەدنان غول بەرپرسی تەقینەوەکانى بزوتنەوەى حەماس دواى نۆ جار هەوڵدان بۆ کوشتنى، لە رۆژى 21ـى ئۆکتۆبەرى 2004 کرایە ئامانج و لە رێگەى فرۆکەیەکى ئاپاچی سەربازییەوە کوژرا.

ئەندازیار محەمەد زوارى کە بەڕەگەز خەڵکی تونس بوو، داهێنەرى فرۆکە ئەبابیلە بچووکەکانى حەماس بوو لە رۆژى 15ـى کانونى یەکەمی 2016 لە لایەن دووکەسەوە بە دەمانچەى بێدەنگ هێرشکرایە سەری و کوژرا.

ئەمانەو چەندین کەسایەتى تری سیاسی و سەربازیی حەماس لە لایەن هێزە جۆراو جۆرەکانى ئیسرائیلەوە کوژراون، کۆتا سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ئیسماعیل هەنیە بوو کە لەتارانى پایتەختى ئێران هێرشکرایە سەری و لەگەڵ یەکێک لە پارێزەرە تایبەتەکانى پێکەوە کوژران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP