هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتی دزیی لە هەولێر دەستگیر کران، یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئافرەتێکە منداڵەکانی بۆ دزیی لە شوێنە گشتییەکان بەکار هێناوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشیی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە: دوای بەدواداچوون لە لایەن تیمەکانیانەوە لەسەر چەند حاڵەتێکی دزیی لە چەند شوێنکی ناو شاری هەولێر، توانییان ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا بکەن کە یەکێکیان ئافرەت بوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی (ب،ز،ت) و (م،ن،ح) بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کران، تۆمەتبارە ئافرەتەکە منداڵەکانی کە تەمەنیان لە نێوان (7بۆ10) ساڵ دەبێت بەکار هێناوە بۆ سەرقاڵکردنی هاووڵاتییان و لە چەند شوێنێکی گشتی ئامێری مۆبایل و جانتای پارەیان دزیوە.
هەروەها تۆمەتبارە پیاوەکە جامی چەند ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییانی شکاندووە و کەولوپەل و پارەی ناو ئۆتۆمبێلەکانی دزیوە.
ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییان دەکات کە هەمیشە هاوکاریانن لە پێدانی زانیاری.