هەرێم نیوز
پرۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جگەلەوەی جووڵەیەکی زیاتری بازرگانیی و ئابووریی دروست دەکات، هاوکات خزمەت بە هاتوچۆی نێوان گەرمیان و سلێمانی دەکات.
ئەمساڵ ڕێگەی دوو سایدی دەربەندیخان-کەلار بەدڕیژی 40 کیلۆمەتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە 138 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت کە تا ئێستا سەدا 80 ی جێبەجێ کراوە و تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێت.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی گەرمیان ڕایگەیاند: ئێستە بەشێوەیەکی چڕ لە بڕگەکاندا کار دەکەن، بەو شێوەیە بێت ئەمساڵ پرۆژەکە تەواو دەبێت. ڕێژەی سەدا 80ی پرۆژەکە جێبەجێ کراوە کە درێژیەکەی 40 کیلۆمەتری دوو سایدە، جگەلەوەی 35 پردی تێدایە، درێژترینیان پردی ئاوە خێرییە کە 1200 مەتر درێژە و دەبێتە درێژترین پرد لە هەرێمی کوردستاندا.
پرۆژەی ڕێگەی دوو سایدی دەربەندیخان-کەلار، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە.
ئەیاد محەممەد هاووڵاتی ناوچەکەیە و دەڵێت: کارکردن لە پرۆژەکە بەردەوامە و لە ئاستێکی زۆر باشدایە، ئومێد دەکەین نەوەستێ و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی ناوچەکە، جگەلەوەی لەڕووی بازرگانییەوە گرنگیی تایبەتی هەیە بۆ پێشخستنی ئابووریی کوردستان.