هەرێم نیوز
کاتژمێر دووى بەرەبەیانى ئەمرۆ 31ـى تەموز هێرشکرایە سەر شوێنى مانەوەى تایبەتى ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەى حەماس و لەگەڵ یەکێک لە پارێزەرەکانى کوژران، هەرزوو ئێران هەواڵەکەى پشتڕاستکردەوەو رایگەیاند دەستیان بە لیکۆڵینەوە کردووە، هێشتا زۆری تێپەڕنەکردبوو ئیسرائیل بەرپرسیارێتى خۆی لە هێرشەکە دەربڕی و بە بێ ئەوەى ئاماژە بە چۆنیەتى چالاکییەکە بکات، رایگەیاند کە ئەوان کارەکەیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا نوسینگەى بنیامین نەتانیهاۆ سەرجەم دامەزاراوەکانى وڵاتەکەى ئاگادارکردوەتەوە کە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نەدەن، ئێران و ئەمریکاش رایانگەیاند هێرشەکە لە دەرەوەى ئێران ئەنجام دراوە بەبێ ئەوەى باس لەوە بکرێت چۆن ئەنجامدراوە، بەڵام بزوتنەوەى حەماس رایگەیاند لە رێگەى موشەکێکى تایبەتەوە کارەکە ئەنجامدراوە کە راستەوخۆ ئاڕاستەى جەستەى هەنیە کراوە، ئەوە لەکاتێکدا ژمارەیەکى زۆر لە سەرکردەجیهانییەکان لە تاران بوون کە بەمەبەستى بەشداربوون لە مەراسیمی دەستبەکاربوونى مەسعودى پزیشکیان وەک سەرۆک کۆمار داوەتکرابوون.
بەگوێرەى سەرچاوە ئێرانییەکان ئیسماعیل هەنیە لە یەکێک لەو شوێنانە ماوەتەوە کە تایبەت بووە بە جانبازان (واتە جەنگاوەرە پێشینەکانى جەنگی عێراق و ئیران) لە باکوری تاران، لە هەمان کاتیشدا رایانگەیاندووە پێدەچێت موشەکەکە لە ئاسمانەوە ئاڕاستەکرابێت، لە لایەکى تریشەوە باس لەوە دەکەن هێرشەکە لە دەرەوەى ئێرانەوە ئاڕاستەکراوە.
بزوتنەوەى حەماس وێنەى ئەو کەسەشى بڵاوکردەوە کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ لەگەڵ ئیسماعیل هەنیەدا پێکەوە کرانە ئامانج و کوژران و گوتیان ناوى وەسیم ئەبو شەعبانە و پارێزەری تایبەتى هەنیە بووە..
لە سەر روداوەکە کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە، ئەمریکا رایگەیاند ئاگایان لە دۆخەکە هەیەو خوازیارین نەبێتە هۆی فراوانبوونى جەنگەکە، روسیاش وەک تیرۆرێکى ترسنۆکانە ناوى هێنا، چینیش رایگەیاند کوژرانى هەنیە دەبێت ببێتە مایەى وەستاندنى جەنگ،
لەسەر ئاستى وڵاتە عەرەبییەکانیش عێراق رایگەیاند ئەو کارە پێشێلکارى تەواوى یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە، عومانیش سەرکۆنەى روداوەکەى کرد. و عەلى خامنەیی رێبەرى ئێرانیش رایگەیاند کە وەڵامی توندیان دەبێت بۆ ئیسرائیل
لەسەر ئاستى پارتە ئیسلامیەکانى کوردستانیش ، سهڵاحهدین بههادین، ئهمینداری گشتی یهكگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، ئیسماعیل هەنیە ئەو شتەی بەدەستهێنا کە هەمیشە هیوا و ئاواتی بۆ دەخواست، پیرۆزە لە میللەتى ئیسلام کە خاوەنی پاڵەوانی لەو جۆرەیە و دەشڵێت، سهرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ مرۆڤە خراپەکان و منداڵکوژ و خیانەتکاران لە هەر شوێنێک بن.
محەمەد حەکیم گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیس بوک نوسیویەتى دەک پیرۆزت بێت شەهیدیی، پیاوانە لەسەر رێبازی پێغەمبەر ژیایی و لەپێناو رزگارکردنی خاک و میللەتی خۆتدا هەموو هەوڵێکتدا و دواجار شەهیدکرایت و تۆ براوەی، دوژمنانت سەرشۆڕ و ریسواب
محەمەد حەکیم لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا دەڵێت، تۆ راستگۆبووی کە ووتت، ئێمە هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتی خۆمان دەکەین بەرامبەر بە رسی فەلەستین و ئەمەش بەرپرسیارێتییەکە کە تێچووی هەیە و ئێمەش بۆ ئەم تێچوونانە ئامادەین، شەهیدبوون لەپێناو فەلەستین و لەپێناو خودای گەورە و لە پێناوی کەرامەتی ئەم میللەتە.
عەبدوڵا وەرتی، گوتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامیش نوسیویەتى: کەسێک لە پێناو گەل و بیر و باەڕی بە دەستی دوژمن شەهید ببێت پالەوانی ئومەوتەکەیەتی ، دەشڵێت، ئیسماعیل هەنیە خۆی و زۆربەی خانەوادەکەی کردە قوربانی بۆ گەل و وڵات و دینەکەی هەرگیز کوشتن وتیرۆر هیچ ئەنجامێکی نیە، تەنها مایەپووچی نەبێت بۆبکەرانی، خوێن و ناویان دەبێتە هەوێنی شۆڕش و بەرخۆدانی گەورەتر.
لەکاردانەوەى ناوخۆیشدا لە مزگەوتەکانى فەلەستینەوە بانگەوازی کوژرانى ئیسماعیل هەنییە بە دەنگی الله اکبرەوە راگەیەنراو لەسەر شەقامەکانى ئیسرائیل خۆشى دەربڕراو شیرنى بەخشرایەوە، حیزبوڵاى لوبنان و بزوتنەوى حەماسیش رایانگەیاند خوێنى هەنیەو هاوڕێکەى بەفیرۆ ناڕوات.