هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی ئەم پێنج ساڵە ژمارەی شوێنە شوێنەواریەکان لە 4 ھەزار شوێن بۆ 7 ھەزار شوێن زیادی کردووە و تیمی 13 وڵاتیش لە ھەرێمی کوردستان کار لە جێگە شوێنەواریەکان دەکەن.
محەممەد لەشکری، بەڕێوبەەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپووری لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەرێمی کوردستان، بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندووە، لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی تیمەکان زیادیان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕووپێوی و ھەڵکۆڵینی شوێنەواری ئێستا ھۆشیاری شوێنەواریش بڵاودەکەینەوە لەو پێگەی شوێنەواری کاری تێدادەکرێت، بۆ نموونە لە گوندێک ھەڵکۆڵینی شوێنەواری بکرێت کەسێکی شارەزای ھۆشیاری شوێنەواری بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی ھۆشیاری بڵاوبکاتەوە تا گرنگی پێگەی شوێنەواری بۆیان ڕوون بکاتەوە و خەڵک خۆیان ببنە پارێزەری شوێنە شوێنەواریەکان بۆ ئەوەی پارێزگاری لێ بکەین.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەر لەم کابینەیە یاسای شوێنەواری ژمارە پێنجی ساڵی 2020 دەرچووە و ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2023 تایبەت بە بەڕێوەبردنی یاسایی شوێنەوارەکان، کە گرنگی زۆری ھەیە کاتی خۆی کارمان بە یاسایی شوێنەواری عێراقی دەکرد کە ساڵی 1936ھەموارکراوەتەوە لەگەڵ ئێستا نەدەگونجا، بەڵام توانرا یاسایەکی تایبەت بە پاراستن و مافەکانی شوێنەوار و کەلەپور دەربچێت.
باسی لەوەش کردووە، نۆژەنکردنەوەی شوێنەواریەکان 48 پڕۆژەیە و 85 یاداشت و گرێبەست و لێکتێگەیشتن واژووکراوە لەگەڵ تیمە بیانیەکان لەگەڵ 13وڵاتی جیاجیا و ھەڵکۆڵین و ڕوپێوی شوێنەوارەکان کە 124شوێنە، بۆیە بەردەوامن تیمە بیانیەکان چونکە تیمەکان بەلایەنی کەم کارێک دەکەن 10 بۆ 20ساڵی پێویستە، بۆیە بەردەوام گرێبەستیان نوێ دەکەنەوە، چونکە سەرەتا 3 بۆ پێنج ساڵ کار دەکەن دواتر بۆیان نوێ دەکرێتەوە، کە پڕۆژەمان ھەیە 15 ساڵە بەردەوامە.
ناوبراو دەشڵێت: پێشتر لە ھەرێمی کوردستان 4 ھەزار پێگەی شوێنەواریمان ھەبوو ئێستا بۆ 7 ھەزار پێگەی شوێنەواری زیادی کردووە، ئەمە جگە لە خانووە کەلەپووریەکان ئەوانە ھێشتا سەرژمێریان بۆ نەکراوە ژمارەیان چەندە کە تەمەنیان لە 200 ساڵ کەمترە.