دواین هەواڵ

کلتور‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

تیۆلۆژیا و فەلسەفە پۆل ڕیكۆر ‌و ژان پۆل سارتەر

د. هاشم ساڵح
شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی

لە پاش دووەم جەنگی جیهانی، ئەوەی لە كایەی رۆشنبیری فەرەنسیدا ئەستێرەی بەختی لە درەوشانەوەدا بوو، ژان پۆل سارتەر بوو. سەروەختێك لێكچەرە بەناوبانگەكەی (بونخوازی فەلسەفەیەكی مرۆگەریە) پێشكەشكرد، هۆڵەكە پڕی بوو لە خەڵك‌ و ئەوانەی بە پێوە وەستابوون، ژمارەیان زۆر لەوانە زیاتر بوو كە دانیشتبوون.

بەمجۆرە فەلسەفەی بونگەرایی وەكو فەلسەفەیەكی ئازادیخوازی‌ و شێوازێكی ژیان لە دایكبوو، تەنانەت بووە مۆدەیەكی باو و گازینۆكانی (سان ژێرمان دی برێ) گرتەوە. بونگەرایی سەركەوتو و كۆنترۆڵی كایەكەی كرد، لەبەرئەوەی خەڵكی چاوەڕێیان دەكرد‌ و لەوكاتەشدا وەڵامێك بوو بە خواست‌ و ویستەكانی ئه‌و قۆناغه‌.

لە ڕاستیدا بۆچونی سارتەر سەبارەت بە ئازادی، لەگەڵ ئەو كەش‌ و هەوا ئازاد‌ و پڕ خۆشیەی لەو كاتەدا لە فەرەنسادا هەبوو (واتە ساتەوەختی رزگاری فەرەنسا لە دەست ئەڵەمانەكان، پاش ماوەیەكی زۆر لە ژێر دەستی ‌و سەر شۆڕی‌ و نەهامەتی)، كۆك ‌و گونجاو بوو.

تایبەتمەندی سارتەر لەوەدا بوو كە تێكەڵیەكی لە فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی هۆسێرل و فەلسەفەی ئۆنتۆلۆژی مارتن هایدیگەر، پێشكەشكرد‌ و سەرەنجامیش كتێبە بەناوبانگەكەی (بوون‌ و نەبوون)ی لێهاتە بەرهەم.
سارتەر خۆی پێیوابوو فەلسەفەی بونگەرایی دەبێت بە دوو بەشەوە:( بونگەرایی مەسیحی كە نوێنەرەكانی بریتین لە: گابرێل مارسێل‌ و كارل یاسبەرز)، لەگەڵ( بونگەرایی بێباوەڕدا كە نوێنەرەكانی بریتین لە مارتن هایدیگەر ‌و سارتەر خۆی) ‌و چەند فەیلەسوفێكی تری فەرەنسایی.

سارتەر لە لێكچەرە بەناو بانگەكەیدا باسی لە(نەبونی خوا كرد)، ئەمەش پۆل ریكۆری نیگەرانكرد و بووە مایەی ئەوەی لێی نزیك نەبێتەوە. بێباوەڕی رادیكالانەی سارتەر توشی شۆكی دەكرد، لەبەرئەوەی سارتەر پێیوابوو ئەوە بەڵگە نەویستێكی فەلسەفیەو قسه‌ هەڵناگرێت.

بەڵام ریكۆر پێیوابوو مەسەلەیەكی وا مشتومڕ هەڵدەگرێت‌ و نابێت بەو ئاساییەو زوو بە زوو یەكلایی بكرێتەوە. هاوكات ریكۆر دژ بەو عەدەمیەتەی ژان پۆل سارتەر بوو كە دەیوت: (مادامەكی دواجار دەمرین ‌و لەناو دەچین، كەواتە هیچ شتێك مانای نییە. سەرەتا و كۆتایی هەر عەدەمەو ئەمەش تاكە هەقیقەتێكە كە هیچ هەقیقەتێك سەروی ناكەوێت).

سەرەڕای ئەمانەش، ریكۆر" دژ بەو فەردگەراییەی سارتەر بوو كە زیادە رۆی تێدا بوو، بە تایبەت لە دەستەواژە بەناو بانگەكەیدا (دۆزەخ ئەوانی ترن)، تەعبیری لێدەكات. ئەمە لە كاتێكدا ریكۆر حەزی بە پەیوەندی ئینسانی دەكرد و پێیوابوو، ژیان لە ڕێی پەیوەندی بەستن لەگەڵ ئەوانی تردا مانای دەبێت.

لەبەر ئەم هۆیانە پۆل ریكۆر نەبوو بە سارتەری یاخود بە وجودی، سەرەڕای ئەوەی بەبەهرە و لێهاتویی سارتەر، سەرسام بوو كە لەبوارەكانی (شانۆ‌ و رۆمان‌ و رەخنەی ئەدەبی‌ و فەلسەفە و... هتد)، شوێن دەستی دیار بوو. سەرەكیترین پرسیارێك لەوكاتەدا پۆل ریكۆر بە بەردەوامی لە خۆیی دەكرد ئەوە بوو، چۆن بتوانین دیالۆگێك لە نێوان فەلسەفەی بونگەرایی‌و ئیمانی مەسیحیدا دروست بكەین؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ریكۆر دەستی كرد بە دروستكردنی جیاكاریەكی سەرەكی لە نێوان ئیمان‌ و ئاییندا. بەڵام خەڵكی بەردەوام ئەم دوو چەمكە تێكەڵ بە یەك دەكەن، ئەم تێكەڵكردنەش هۆكاری ئەو كیشە و بەدحاڵیبوونە مێژووییەیە كە لە نێوان فەلسەفە و ئیماندا هەیە.

بە بۆچونی ریكۆر ئیمان ئایین نیە، یاخود دەتوانین بڵێین ئیمان لە ئاینێكی دیاریكراودا كورتناكرێتەوە، بەڵكو دەچێتە ناو هەموو ئایینەكانەوە‌ و بەجێشیان دێڵێت. هاوكات زۆر جار پیاوانی ئایینی بە ناوی ئایینەوە كەوتونەتە سەركوتكردنی ئیمان ‌و فیكر‍‌‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍!
لەم بارەیەوە پۆل ریكۆر دەڵێت: (سەرجەمی مێژووی فەلسەفە بریتیە لە بەگژداچونەوەی ئەو دامودەزگا ئسوڵیانەی زانایان‌ و فەیلەسوفان تەكفیر دەكەن‌ و تەنانەت هەندێك جار كار دەگاتە سەر، كوشتن ‌و سوتاندنیشیان). بۆ سەلماندنی ئەم قسانەش نمونە بەوە دەهێنێتەوە كە (گالیلۆ ‌و سپینۆزا‌ و سێرڤیێ)، چیان بەسەرهات.

یەكەمیان كاتۆلیكەكان تاوانباریانکرد و دووەمیان جووەکان تەکفیریان کرد وحاشایان لێکرد، سێهەمیان پرۆتستانتەکان سوتاندیان .. ئەوەی فیكری فەلسەفی دژایەتی دەكات، ئەم مەیلە سەركوتكارییەیە كە لای فێندەمێنتالیستە یەهودی‌ و مەسیحیەكان هەیە.
ناكرێت لە تەواوی مێژووی فیكر بگەین، ئەگەر ئەم مەسەلەیە لەبەرچاو نەگرین. لەبەرئەوەی كۆی ئەو مێژووە بریتیە لە ململانێی نێوان فیكری فەلسەفی ‌و فیكری ئایینی دۆگماتیستی. بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە، فەلسەفەش وەرگۆڕێت بۆ سیستمێكی كڵۆمدراو‌ و دۆگما، ئەگەر خولیای رەخنەگرتنمان نەماو بە وەڵامە ئامادە و حازر بەدەستە كان رازی بووین.

لێرەوە پێویستە تیۆلۆژیا‌ و فەلسەفە پێكەوە لە چنگی ئەو مەیلە دۆگماییە دەربهێنین كە مرۆڤ بە خۆڕسك حەزی پێیەتی، ئەوكات دەتوانین دیالۆگێك لە نێوان فەلسەفە و ئاییندا دروست بكەین.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP