حوسام فەهمی
شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی
(سینەما بە گریفیت دەستی پێكردو بە عەباسی كیاڕۆستیمی كۆتاییهات).
بەم وشانە ژان لۆك گۆداری دەرهێنەری فەرەنسی، باس لە كاریگەری عەباسی كیاڕۆستەمی دەكات لە سەر سینەما.
بۆ ئەوەی بە چەند وشەیەكی سادە ئەو ڕستەیە ڕونبكەینەوە، دەتوانین دەیڤد ۆرك گریفت وەها بناسێنین كە دامەزینەری سینەمای ئەمریكیە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا و بە تایبەتیش لە ساڵی ١٩٠٨.
ئەو یەكەم كەسە دەستی بە جوڵاندی كامێرا كردبێت و یەكەمین كەسیشە مۆنتاژی هاوتەریب و (كلۆز ئەپ)ی بەكارهێنابێت، وەك چۆن یەكەم كەسە لە شوێنی وێنەگرتندا، وشەی (ئەكشن)ی بەزاردا هاتبێت.
بەڵام ئەوەی ئەو ڕستەیەی وتووە، (ژان لوك گۆدار)ی دامەزرێنەری شەپۆلی نوێی سینەمایە، لە پەنجا و شەستەكانداو یەكێكە لە باشترین دەرهێنەرەكان لە مێژووی سینەمادا.
كەواتە ماوەتەوە چی؟
ماوەتەوە ئەوەی بە عەباسی كیاڕۆستەمی ئاشنابین، ئەوكەسەی بە پێی ڕستەكەی گۆدار سینەما لەودا كۆتایی دێت.
ئەو كابرایە كێیە كە لە خۆرهەڵاتەوەو (بە دیاریكراویش لە ئێرانەوە)دێت؟ ئەی چیكردووە تا شایەنی ئەو هەموو ڕێز و پیاهەڵدانە بێت؟ ئەی چ كاریگەریەكی لەسەر سینەما جێهێشتووە، تا ئەو ئاستەی گەورە دەرهێنەرانی دنیا ناچار بكات بەوەی، دان بە باڵادەستیدا بنێن و بۆ فێربوون و چێژبینینیش، بە دیار فلیمەكانیەوە دابنیشن؟
ئەی چۆن مردنەكەی لە وڵاتانی عەرەبیدا، ئاوەهاو بێ هیچ گرنگی پێدانێك كە شایەنی باس بێت تێپەڕێ؟ یان چۆن پێشتریش ئاوڕمان لە ژیانی نەدایەوە و زۆربەی زۆریشمان هیچ یەك لە فلیمەكانیمان نەبینی؟
كیاڕۆستەمی و سەر لەنوێ پەیبردنەوە بە سینەما:
ئەوەندە نابێت جارێكی دی تەماشای فلیمی (كلۆز ئەپ)م کردەوە، وەک بەشدارییەک لە ماڵئاواییکردنی عەباسی کیاڕۆستەمی کە بەری چەند ڕۆژێک کۆچی دوایی کرد(٤ - تەمووزی - ٢٠١٦). ئەو کاتەم بیرهاتەوە کە بۆ یەکەمجار ئەو فیلمەم تێدا بینی.
ئێمە چەند هاوڕێیەك بووین كە حەزمان بە سینەما بوو، سەیری فیلمێكی ئێرانیمان دەكرد. فیلمی ئەو وڵاتەی هەمیشە لە خەیاڵدانماندا بە هەمان ئەو وێنە باوەوە دەردەكەوێت كە لەوڵاتانی عەرەبیدا باوە و ڕەواجی پێدەدرێت.
وێنەیەك وەها وێنای ئێران دەكات، وەك ئەوەی دەوڵەتێكی بەد و خراپەكارە و بەردەوام هەوڵدەدات خۆی لە كار و بارەكانمان هەڵقورتێنێت. دوای چەند دەقیقەیەك لە دەستپێكردنی فیلمەكە، ئەو وێنەیە كاڵبووەوە.
فلیمەكەش پەرۆشی ئەوە نیە وێنەی شتێك لەو شتانە نیشان بدات كە سەبارەت بە ئیران لە دنیادا هەیە، بەڵكو ئەوەی فلیمەكە كاری لەسەر دەكات نزیكبوونەوەیە لە مرۆڤ، ئەو مرۆڤەی سەرباری هەموو شتێك، هێشتا هەر لە ئێمەومانان دەچێت و بە مرۆڤەكانی دیكەش دەچێت لە هەر جێیەكی دنیادا.
ئەو كات كە فلیمەكە تەواوبوو، نەمانزانی ئایا سەیری فیلمێكی دیكۆمێنتەریمان كردووە یاخود فیلمێكی درامی؟
هەرچیەكمان بینی ڕووداوگەلێكی ڕاستەقینەبوو كە (كیاڕۆستەمی) تۆماریكردبوون. واتە هەرچی ڕویدا، بە هۆی (كیاڕۆستەمی)یەوە ئامادەكاری بۆ كرابوو، هەروەها نوسرابووەوە. ئێمە ئەوەمان نەدەزانی، وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشبووین بەو سەردانیكردنە خێرا و ڕاستەقینەیە كە (كیاڕۆستەمی) بۆ ناوجەرگەی ئێران بۆی فەراهەمكردین.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕەخنەگری سینەمایی (محەمەد میسری)، نوسیبووی: (بینەرانی فیلمی كلۆز ئەپ كەوتنە دۆخێكەوە،، هاوشێوەی بینەرانی سەرەتاكانی پەیدابوونی سینەما لەسەدەی نۆزدەدا. ئەوكات سەروەختێك بینەران دەبینن شەمەندەفەرێك لەسەر شاشەیەكی سپی دەجوڵێت، وادەزانن ڕاستەو وایان لێدێت بە پرتاو هۆڵی سینەماكە جێدێڵن، لە ترسی ئەوەی شەمەندەفەرەكە لە شاشەكە بێتەدەرێ و بیانشێلێت. ئێمەش بە فیعلی دوای بینینی- كلۆزئەپ -، لە دۆخێکی وەهادا بووین. چەند ساتێک بەر لە كۆتایی تێگەیشتین كە دواجار بە چاخێكی نوێی سینەما ئاشنابووین و ئەو كات زانیمان، بۆچی گۆدار وتویەتی: سینەما بە گریفیت دەستی پێكردو بە كیاڕۆستەمی كۆتایی هات).
سینەما وەك چەند دەلاقەیەك
كە بە خەون و خەیاڵ دەچێت:
لای كیاڕۆستەمی سینەما پێناسەیەكی زۆر جوانی هەیەو ئەو پێناسەیەش بە سەیركردنی بۆ ئەندێشەو ئەو ئەكتە دەستپێدەكات كە بەسەر زەمینی خەیاڵ و خەونەوە دەمانبەستێتەوە. لەو بارەیەوە دەڵێت: (زۆرجار لەخۆم پرسیووە، ڕۆڵ و وەزیفەی خەون چییە؟ لەكوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ بۆچی توانای ئەوەمان نییە خەو ببینین و بۆچی دەبێت خەون بینین؟ گەر خەون هیچ ڕۆڵێكی لە ژیانماندا نەبێت، كەواتە هۆكاری بوونی دەبێت چی بێت؟).
دواجار هۆكارەکەیم دۆزینەوە. كەی پەنا دەبەینە بەر خەون؟ لەو ئان و ساتانەی كە بە بارودۆخی خۆمان ڕازی نابین.
سەیرترین شتت ئەوەیە هیچ دیكتاتۆرێك لە دنیادا، ناتوانێت كۆنترۆڵی خەونەكانمان بكات. سیستەمێكی لێپێچینەوە نیە بتوانێت، لە ئەندێشەو خەیاڵاتی مرۆڤ بكۆڵێتەوە.
دەتوانن بتخەنە كونجی زیندانەوە، وەلێ هێشتا توانای ئەوەت هەیە بەدرێژایی ماوەی زیندانیەكەت، لە دەرەوەی هەموو ئەوانەداو بەبێ كۆمەكی هیچ كەسێك بژیت.
لەڕێی ئەندێشەوە دەتوانیت ئەو دیوارە ئەستورانە ببڕیت، بێ ئەوەی شوێن پێ و نیشانەیەك جێبهێڵێت و بە بەردەوامی دەشتوانیت بگەڕێیتەوە جێی خۆت، بی ئەوەی كەس هەست بكات.
من پێموایە خەون پەنجەرە و دەلاقەیەكە لە ژیانماندا. گرنگی سینەماش لەوەدایە کە لەو پەنجەرە و دەلاقەیە دەچێت.
تێڕوانینی كیاڕۆستەمی بۆ سینەما وەك پەنجەرە، بە خەون بینین دەچێت لە ژیانی پڕجەنجاڵی ڕۆژانەماندا. وەڵامێكی پڕاوپڕە بۆ ئەوانەی پێیانوایە، فیلمەكانی ڕێتمیان خاوە یاخود بە جۆرێك لە جۆرەكان جاڕسكەرن.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە داوای لێدەكەن باسی ئەو شتانە بكات كە لە سینەمادا حەزی پێیانە، دەڵێت: (ناتوانم باسی ئەو شتانەت بۆ بكەم كە دڵخوازیانم، لەبەرئەوەی لە فیلمەكانمدا دەیبینیت. دەتوانم لە بری ئەوە، باسی ئەو شتانەت بۆ بكەم كە حەزم پێیان نییە. من حەزم بەوە نییە ختوكەی بینەر بدەم و ناشمەوێت ئامۆژگاری بكەم. بە گونجاویشی نازانم لە ئاستی كەم كەمەوە، یان وایلێبكەم هەست بە گوناه بكات. ئەمانە ئەو شتانەن كە لە فیلمدا حەزم پێیان نییە. لە ڕاستیدا من ئەو فیلمانەشم پێ باشە، وادەكات بینەران لە هۆڵی نمایشدا خەویان لێبكەوێت. لەو باوەڕەدام ئەو فیلمانە وەك پێویست جوانن كە بواری ئەوەت دەدەنێ سەرخەوێكی كورت بشكێنی و ناهێڵن سەروەختێك هۆڵی سینەماكە جێدێڵیت، توشی پەشۆكان و سەرەگێژە بیت. هەندێ فیلم وایانلێكردووم لەناو هۆڵی سینەمادا خەوبمباتەوە، وەلێ هەر ئەو فیلمانە ناچاریان كردووم، بەدرێژایی شەو تا بەیانی بیریان لێبكەمەوە. دوای ئەوەش بۆ چەند هەفتەیەك هەر بیرم لێكردونەتەوە. من حەزم لەو جۆرە فیلمانەیە).
بەڵێ لە هەندێ فیلمی كیاڕۆستەمیدا دەشێت بۆ ساتێك خەوبتباتەوە، یان ماوەیەك هەست بە ئارامیەك بكەیت، بێ هیچ ڕووداوێكی خێرا و چاوەڕواننەكراو.
هەست دەكەیت ئەم کابرایە كەم تا زۆر چەند خولەكێكت دەداتێ، بۆ ئەوەی لەناو دنیایەكی پڕ كێشە و ڕووداودا، هەناسەیەك بدەیت. وەلێ دواتر وەك من واقت وڕدەمێنێ كە دوای چەندین ساڵ، سەیركردنی یەكێك لە فیلمەكانیت هەر بیرماوە.
زیادەڕۆی ناكەم گەر بڵێم: (دوای ئەوەی سینەمای كیاڕۆستەمی دەبینی، تێڕوانینت بۆ ژیان دەگۆڕێت و وەك خۆت نامێنیتەوە).
دەربارەی (كلۆس ئەپ):
گەر بەشێوەیەكی تایبەت باس لە فیلمی(کلۆس ئەپ) بکەین ، وەک دەروازەیەک بۆ سینەمای کیا ڕۆستەمی، ئەوا دەتوانین ڕووداوەکانی فیلمەکە لەوەدا کورتبکەینەوە کە بریتیییە لە بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانی، بۆ بەسەرهاتی ڕاستەقینەی کەسێک کە خۆی دەکات بە دەرهێنەری بەناوبانگی ئێران(موحسین مەخمەڵباف) و لەڕێی ئەوەشەوە، ئەو کەسە خانەوادەیەکی ئێرانی دەناسێت کە لە تاران دەژین و قەناعەتیان پێدێنێت بەوەی لە فیلمێکدا کە لە دەرهێنانی خۆیەتی، کوڕەکەیان دەست نیشان دەکات تا ڕۆڵی سەرەکی تێدا بگێڕێت.
پاشان ڕووداوەكان بەردەوام دەبن، تا ئەوەی بە چاوی خۆمان دەبینین (حسێن سابزیان) كە خۆی كردووە بە (موحسین مەخمەڵباف)ی دەرهێنەر، دەسگیر دەكرێت.
ئێمە دادگایكردنی ڕاستەقینەی كابرا دەبینین، وەك چۆن كیاڕۆستەمی دەبینین كاتێك داوادەكات ڕێگەی پێبدەن وێنەی دادگایكردنەكە بگرێت، لەگەڵ ڕووداوەكانی دیكە فیلمەکەدا.
تەنانەت ئێمە لە دیمەنێك لە دیمەنەكاندا، گوێبیستی دەنگی دوان لەوانە دەبین كە كارە هونەرییەكان ڕایی دەكەن، مشتومڕیانە لەسەرئەوەی یەكێك لەو میكرۆفۆنانەی لە فیلمەكادا بەكاری دێنن، بەباشی كار ناكات.
فیلمەكە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە كۆنە تێكبشكێنێت كە داوا لەسینەما دەكات، تا لاسایی واقیع بكاتەوە یاخود ئەلتەرناتیڤێكی بۆ پەیدابكات، بۆ ئەمە كیاڕۆستەمی وەڵامێكی تازەی پێیە، ئەویش ئەوەیە كە فیلمەكە خۆی ببێتە بەشێك لە واقیع.
هەروەها ئەو بەربەستە ساختەیەش تێكدەشكێنێ كە دەیەوێت وا لەبینەر بگەیەنێت، ئەوەی ڕوودەدات لە كات و شوێنێكی دیكەدا ڕوودەدات. بێ ئەوەی هەستی ئەوەیان بداتێ، كاستێك لە پشت ئەو بەرهەمە هونەریەوە هەیە كە پێشكەشیان دەكرێت.
لە(كلوس ئەپ)دا ئەوە تێكدەشكێت، چونكە تۆ هەموو شت دەبینیت. جگە لەو داهێنانە لە بواری فیلم سازیدا، لەسەر ئاستی ناوەڕۆكیش داهێنانێكی دیكە هەیەو وا دەكات (كلۆس ئەپ) جیاواز لە زۆرێك لە فیلمەكانی دیكە، زۆر ڕاستگۆیانە تر گوزارشت لەعەشقی سینەما بكات. ئەشقێك كەخاوەنەكەی بە شێوەیەكی ڕاستەقینانە پەلكێش دەكات، تاببێتە بابەتی ئەو فیلمە.
شتێكی دیكە كە بە بەردەوامی لە سینەمای كیاڕۆستەمیدا بەدی دەكرێت، ئەوەیە زۆر پابەستە بە خاك و خەڵك و خوای وڵاتەكەیەوە. ئەوەش بە ڕادەیەكە ئەو قسەیە دەكاتە ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگر كە دەڵێت: (گەر دەتەوێت بە ئێران ئاشنابیت، ئەوا بچۆ فیلمەكانی كیاڕۆستەمی ببینە).
ئاخر لە فیلمەكانی ئەودا وەها ئێران دەبینی، وەك ئەوەی بە شەقامەكانیدا پیاسە بكەیت و دەتوانیت گوێبیستی قسەگەلێكی ڕاستەقینە بیت، تا ئەو ئاستەی باوەڕ نەكەیت بەوەی پێشوەختە ئامادەكاری بۆ كرابێت یان نوسرابێتەوە. هەروەها دەتوانیت لەودیوو هەموو ئەوانەوە ڕابمێنیت، تا ئایدیاگەلێكی نوێ ببینیت، ئایدیاگەلێک کە هەر جارێک فیلمەکانی ئەو ببینیت، بەدییان دەكەیت.
كیاڕۆستەمی هاوسۆزی بەسەرهاتەكەی (حسێن)ە، ئەو كەسە ئاساییەی لە (کلۆس ئەپ)دا حەزی زۆری بۆ سینەما وای لێدەكات، تاوانی ئەوە بكات خۆی بگۆڕێت بە كەسێكی دیكە.
بەسەرهاتی ئەو دەكات بە چیرۆكی فیلمەكەی و دواتریش ئەوە ژیانی ئەو مرۆڤە دەگۆڕێت. پاش چەند ساڵێكی دیكە لە فیلمێكی دیكۆمێنتی دیكەدا بەشدار دەبێت و لەوێدا باس لەوە دەكات، چۆنچۆنی دوای بەشداربوونی لە (كلۆس ئەپ)دا ژیانی گۆڕاوە.
وەلێ گاڵتەجاڕی قەدەر جارێكی دی ڕوودەداتەوە و حسێن سەروەختێك لەوەدا دەبێت بچێت بۆ دیدارێكی تایبەت، بۆ خۆئامادەكردن بۆ فیلمێكی نوێ لەگەڵ كیاڕۆستەمیدا، دووچاری تەنگژەیەكی دەرونی دێت و لە پای ئەوە بێهۆش دەكەوێت و سەرەنجام لە تەمەنی پەنجا و دوو ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان دەكات.
شایەنی باسە ساڵی ٢٠١٢ پەیمانگای فیلمی بەریتانی، (کلۆس ئەپ)ی وەک یەکێک لە باشترین پەنجا فیلمی مێژووی سینەما پۆلێنکرد.