هەرێم نیوز
ئەمەریکا بۆ پارێزگاریی لە سعوودیە و ئوردن لە هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق، دوو فڕۆکەی جەنگی زەبەلاحی جۆری B-52 ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
گۆڤاری ئێر ئەند سپەیس فۆرسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی عێراقەوە، کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمە ناساندووە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڕیاری داوە دوو فڕۆکەی 52-B ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە.
گۆڤارەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا نووسیویەتی؛ هەردوو فڕۆکەکە لە 25ی ئەم مانگەوە لە بنکەیەکی سەربازیی میخائیل کۆگالنیسیانۆی ڕۆمانیاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فڕیون و دوای 32 کاتژمێر لە ئوردن و سعوودیە نیشتوونەتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران و دەست و پێوەندەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
باسی لەوەش کردووە، ئامانج لە ناردنی ئەو دوو فڕۆکە جەنگییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزگارییە لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ پاراستنی هاوپەیمانەکانی لەوانە سعوودیە و ئوردن لە هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە گرووپە میلیشیاکانی عێراق دوای نزیکەی چوار مانگ لە 25 و 26 ئەم مانگە جارێکی دیکە لە عێراق و سووریا هێرشیان کردەوە سەر بنکە و سەربازەگەکانی ئەمەریکا.