محەمەد جەمال – هەولێر
شارەزایەکی ئابووری لەبارەی هەڵگرتنی باج لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەڵێت، بڕیارێکی باش بوو، هەروەها کەمکردنەوەی ئەرکێکی دارایی بوو لەسەر شانی هاوڵاتییان.
د. محەمەد عەلی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری لە لێدوانێکی بۆ هەرێم نیوز وتی، ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم لەبارەی کەمکردنەوە یاخود هەڵگرتنی باج لەسەر چێشتخانە و هۆتێل و نانەواخەنەکاندای، کەمکردنەوەی ئەرکێکی دارایی بوو لەسەر شانی هاوڵاتییان، هەروەها بەم بڕیارە گەشتیارێکی زیاتر ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
دەشڵێت، پێشتر بەهۆی ئەو باجانەوە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی کرێ کارەبا و نرخی گاز و سوتەمەنی بۆ مۆلیدەکان زیادی کردبوو، لەهەمان کاتدا باجی خانووبەرەش زیادی کردبوو، بێگومان هەموو ئەو باجانە بار قورسییەکی زۆری لەسەر شانی هاوڵاتییان دروست کردبوو.
ڕوونیشی کردەوە، ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم تووشی قەیرانی دارایی بوو، کەرتی تایبەت ئەو کات تا ئەمڕۆش درێغی لەگەڵ حکومەت نەکرد، تەنانەت پاڵپشت و هاوکاریشی بوو، بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە، بۆیە ئێستا لەسەر حکومەتە کە قەرەبووی هەموو ئەو زیانانە بکاتەوە کە کەرتی تایبەت لە کاتی قەیرانە داراییەکەدا کردی.