دواین هەواڵ

کلتور‌

 20/07/2024

جەور و جەفای خزم و خوێش - لە نێوان مام هێمن و كورت توخۆلسكی دا -

شوان ئەحمەد

لەچاو شاعیرانی دیكەی كورددا، درەنگ وەختێ‌ بە هێمن و شیعرەكانی ئاشنا بووم. هەرچەندە ئەوەندەی ئاگادار بووم، ساڵانی زووش كە منداڵ بووم و هێشتا كتێبخانەمان نەبوو لەماڵەوە، هەمیشە لەناو باوەڵ و چەكمەجە و تاکی بۆفی و كۆمیدەكاندا، كتێبێكی مام هێمنی تێدا بووە.

هێمن شاعیرێكی ژیان دۆست و هەست ناسك و جوان پەرست بووە، ڕەنگە لەو بوارەدا بڵێین لەگەڵ عەبدوڵلا گۆراندا یەك بەرەبابن. لە نێو كۆی شیعرەكانیدا (كە لەبەر جوانی و ناسكی و دڵڕفێنیان)، زۆربەیان كراونەتە بەستە و سرود و گۆرانی، من هەمیشە شیعرێكی بەزارمدا دێت كە دەڵێت:

من لە داخی خزمی خوێڕی و ئاشنای ئەحمەق هەڵاتم
من لە ترسی زاق و زۆقی ئەمینە چاو زەق هەڵاتم
***
لەم ماوەی دوایدا خەریكی خوێندنەوەی نوسەری ئەڵمانی (كورت تۆخۆلسكی)بووم، ئەویش لەنوسینێكدا داد و بێدادیەتی لە دەست خزم و خوێش . كاتێک ئەو نوسینەیم خوێندەوە، جارێكی تر مام هێمن و شیعرەكەی هاتنەوە بیرم و زانیم هەردووكیان، دەردە دڵ لە دەستی یەك شت دەكەن كە ناوی (خزم و كەس و كارە).

مادامەكی شیعرەكەی هێمن خوێنەری كورد زمان پێی ئاشنایەو بەرگوێی كەوتووە، لێرەدا ئەوەندەی بكرێ‌ و بەكورتی هەندێ‌ پەژارە و زوخاوی ناخی (كورت تۆخۆلسكی) سەبارەت بە (خزم و خوێش) دەخەمە ڕوو کە ڕەنگە مەراقی دڵی زۆربەمان بێت:

- مرۆڤ هەمیشە ئاگری هیوایەك لە دڵیدا داگیرساوەو هەمیشە هیوادارە گەر بۆ تەنیا جارێكیش بووە، بێ‌ كەس و كار و بە ئارامی ژیان بەسەر بەرێ.‌

- لە شوێنێکدا تۆخۆلسکی دەپرسێت: خزم چییە؟

لەوەڵامدا دەڵێت: (خزم لە ژمارەیەك مرۆڤی هەردوو ڕەگەز پێك دێت كە پێیانوایە ئەركی سەرەكییان، خۆ هەڵقورتاندنە لە كاروباری تۆ).

- كاتێك خزم زۆر دەبن، ئیتر پێیان دەوترێت كەسوكار.

- خزم بە زۆری لە شێوەی كۆمەڵێ‌ یاپراخ (دۆڵمەی ناشیرین)، لە دەوری یەك گرۆمۆڵە دەبن. لە شۆڕشەكانیشدا بەردەوام لە بەردەم مەترسی پێكداندان، هۆكارەكەشی بەگشتی ئەوەیە كە لەیەك جیانابنەوە.

- لە بنەڕەتدا خزمان زۆر ڕقیان لەیەكە. پەیوەندیی خێزانی ڤایرۆسی جۆرێك نەخۆشی دەگوێزێتەوەو هەموو جێیەك دەگرێتەوە.. ئەندامانی خزمان، بەردەوام لێك زویر دەبن.

- خزم ئاگای لە هەموو ئیشێكە. بۆ نمونە دەزانێ‌ (كارل)ی بچكۆلانە كەی سورێژەی گرتبوو. دەزانێ‌ تا چەند (ئینگە)، لە خەیاتەكەی ڕازییە. دەزانن (ئەرینا) كەی دەیەوێت لەگەڵ كارەباچییەكەدا زەماوەند بكات. دەشزانن (جینێ‌) پاش دواین شەڕی لەگەڵ مێردەكەی، هەر لێی جیانابێتەوە.

- خزم ئاگاداری هەموو شتێكە، بەڵام لە بنەڕتدا لەگەڵ هیچ كارێك نییە.

- خزم كۆمەڵێكی زۆر داخراوە. ئاگای لە سەرقاڵییەكانی بچوكترین برازا هەیە، لەكاتی دەست بەتاڵیدا.

- هاوار بۆ ئەو ڕۆژەی ئەو كوڕە، با لەمێشكی و بیەوێ‌ لەگەڵ بێگانەیەكدا زەماوەند بكات. ئیتر بیست دانە چاویلكەی دەسكدار بەیەك چاو لەسەر قوربانیەكە چڕ دەبنەوە، چل دانە چاو هەڵسەنگێنەرانە بەناویەكدا دەچن. بیست دانە لووت بەدگومانانە بۆن دەكەن: ئاخر ئەم كچە كێیە؟ لە شان و شەوكەتی ئێمەدایە؟

- هیچ كەس نییە بەویست و ئارەزووی خۆی، ڕۆژەكانی پشووی لەگەڵ خزمان بەسەر بەرێ‌.

- خزمان باش یەكتر دەناسن، بۆیە هەرگیز ناتوانن لەناخی دڵەوە یەكتریان خۆش بوێ.‌

- ئەمڕۆ نەوەی نوێ‌ ناوێكی تری بۆ خزم دۆزیوەتەوە. ئەوان هەر هەموویان لە دەست خزم لە عەزابدان، كەچی دواتر خۆشیان دەچن خێزان پێكدێنن و ڕێك وەك ئەوانیان لێدێت.

- لەناو خزماندا هەرگیز كەس، كەس بەجددی وەرناگرێ‌.

- هیچ ڕێگایەك بۆ هەڵاتن لەدەست خزمان بونی نییە، (تۆ بڵێی لەبەر ئەم هۆكارە بووبێت كە دواجار توخۆلسكی خۆی كوشت؟).

- توخۆلسكی دەڵێت، تیۆباڵد تایگەری هاوڕێی دێرینم، شیعرێكی لەسەر زاربوو دەیوت:

- ئەی لاو! لە خزم و خوێش خۆت بەدوور بگرە
ئاخر ئەنجامی نییە، ئاخر ئەنجامی نییە!!

من پێموایە ئەم دێڕە شیعرانە تەنها لەناسینی گەمژانەی شاعیرەوە بۆ ژیان سەرچاوە دەگرن، چونكە لەبنەڕەتدا كەس بۆ لای خزم و ناسیاو ناڕوات، ئەوان خۆیان دێن بۆلات (توخۆلسكی وەها دەڵێت).
- خوا ئەو ڕۆژە نەهێنی كە دوای كۆتایی ئەم دنیایە و لەوە دنیا، فریشتەیەكی خۆشەویست بێتە پێشوازیت و ئەو چڵە خورمایەی بەدەستیەوەیە، بەهێواشی ڕای وەشێنێ‌ و بڵێ‌: (بڵێ‌ بزانم! ئێمە كاتی خۆی پێكەوە خزم و خوێش نەبووین؟).

ئەوكات تۆ تۆقیوانە، بەدڵی شكاو و بەپەلە بەرەو دۆزەخ ڕادەكەی. بەڵام هەڵاتنیش دەردێك دەرمان ناكات، ئاخر ئەوانی تریش هەموویان لەوێ‌ لە دۆزەخ دانیشتوون.
***

كە لە خوێندنەوەی ئەم دێڕانە دەبمەوە، لەخۆم دەپرسم: (چی وادەكات شاعیرێكی كوردی هەست ناسكی وەك هێمن و نوسەرێكی مرۆڤ دۆستی وەك توخۆلسكی، ئەو هەموو دەردەدڵ و زوخاوە لە دەست خزم و ناسیاو و كەسوكار بەیان بكەن؟).

تۆ بڵێی هی ئەوەبێت مرۆڤ بۆ پەیوەندی نەخوڵقاوە، بەڵكو بوونەوەرێكە هەر دەبێت تەنیا بێت و هیچی تر.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP