دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 16/07/2024

تێڕوانینێکی سایکۆلۆجیانە بۆ کەسێک کە بە هۆی فشارێکی دەروونیەوە دەبێتە کەسێکی تر!

حەسەن ڕازانی 
فشاری هاوکوف و هاو تەمەنەکان لە سەر یەکتری، پیەر پرێشەر Peer pressure!

پیەر پڕێشەر بەواتای فشاری هاوکوف، فشاری برادەرو هاوڕێ، تەنانەت واوەتریش دەڕوا بۆفشاری دۆست و خزم و ناسیاوو تەنانەت دەروجیران و گەڕەکیش دەگەێنێت. بە کورتی: پیەر پڕێشەر هەموو ئەو فشارە دەروونییە دەگەێنێت کە لە سەر کەسێک درووست دەبێت لەلایەن هەموو ئەو لایەن و کەس و شوێنانەی کە بەلای ئەو کەسەوە گرنگ و مەبەستن. مەبەستە سەرەکیی و درووستەکەشی ئەوەیە کە لە ئەنجامی مامەڵەو هەڵس و کەوتەکانی ئەو کەسەدا ئەوان دڵیان گرێ نەگرێت و ناڕازی و مڕومۆچیان نەکات. جا لێرەدا، ئەگەر ئەو کەسە بە پێچەوانەی شەپۆلەوە مەلە بکات هەر دەست بەجێ بۆی دەبێتە کارەسات.

مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆلیش بوێریی و پشتبەخۆبەستنێکی زۆری لە کەسەکە دەوێت، کە ئەمەش لە دەوروبەری خۆماندا دەیبینین و سەلماویشە کە زۆرینەی خەڵک خۆی لە قەرە نادات. کەواتە بە هۆی فشارە دەروونیەکەوە، کەسەکە ناچارە بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوەو بە پێچەوانەی خودی خۆی مامەڵە بکات و مەلەکەی بەو بارەدا بکات کە کەسانی تر ڕازی بکات. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە ئەو کەسە دەبێ کارێکی وا بکات کە هاوکوفەکانی لەگەڵیدا هاوڕابن و ڕازی بن پێی و لە جیاتی ئەوەی مڕو مۆنیان بکات و لیچی لێ هەڵقرچێنن، دەبێ ئەو وا بکات کە پێکەنین و گەشیی و شێوەی ڕازییبوون بخاتە سەر ڕوویان!

ئەو پێناسەیەی کە تا ڕادەیەک گەلێک لە پسپۆڕانی بواری دەروونی و سایکۆلۆجی لەسەری کۆکن و تەنانەت مامۆستا گوگڵیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە ئەوەەیە کە Peer pressure پیەر پرێشەر: بریتیە لە فشاری هاوڕێیان و هاو تەمەنان و فشارێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیە لەسەر هاوتەمەنەکان و هاوڕێ و هاوکوفەکان. واتە لەسەر ئەندامانی گروپە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرژەوەندی یان پێگەی کۆمەڵایەتی هاوشێوەیان هەیە. ئەندامانی گروپی هاوتەمەن زیاتر کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕ و بەها و ئایین و ڕەفتاری کەسێک هەیە فشارێکە کە بە مەبەستی خۆگونجاندنە لە گەڵ ئەو شتەی کە ئەوانی تر دەیکەن! ئەو فشارە دەتوانێت بەهێز بێت و بەرەنگاریی قورسی هەبێت. ڕەنگە کەسێک هەست بە فشار بکات بۆ ئەوەی شتێک بکات تەنها لەبەر ئەوەی کەسانی تر ئەو کارە دەکەن یان دەیبیسێت کە گوایە ئەوان دەیکەن. فشاری هاوتەمەنەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەسێک هەبێت بۆ ئەوەی شتێک بکات کە تاڕادەیەک بێ زیان بێت، یان شتێک کە دەرئەنجای جیددیتری هەبێت”.

جۆرەکانی پیەر پرێشەر ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆشی هەیە. هەیەتی دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت و هەشیەتی ناتوانرێت بهێنرێتە سەر زمان و لە ناخی کەسەکەدا دەمێنێتەوە! هەیەتی پۆزەتیفەو شتێکی خەراپ نیە ئەگەر بوونی هەبێ و هەشیەتی زۆر نێگەتیڤەو سەری خاوەنەکەی دەخوات و بە فەتاڕەتی دەدات!

جا لێرەدا ئەگەر بێت و ئەو پێناسەیەی سەرەوە سادەتر بکەینەوە و بەو شێوەیە لێی بدوێین کە لە نێوخۆماندا باوە و لە ناوچەی پشدەرێشدا مانای تەواویان داوە بە پیەر پڕێشەر، ئەوەیە کە دەگوترێت و پێی دەڵێن لەبەر خاتری خاترانە! یان ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت و لە دژی ویستی کەسەکە خۆی بێت ئەو کاتە پێی دەگوترێت: “بە خوا هەمووی لە ترسی زمانی ئەم و ئەوە!” بۆیە لێرەدا دەشتوانین بڵێین کە: پیەر پرێشەر ئەو فشارە دەروونی و نادیارەیە کە وات لێ دەکات کارێک بکەیت یان هەڵس و کەوتێک بکەیت یان بە جۆرێک قسە بکەیت و… هتد، جا با خودی خۆشت لەگەڵیدا ناڕازی بیت بەڵام تەنها لە بەر خاتری خاتران یان لەبەر زمانی ئەم و ئەو هەردەیکەیت! لێرەدا تۆ خودی خۆت لێ بزر دەبێت و دەبیتە کەسێکی تر، دەبیتە گەڕەک و کۆمەڵ و کەسان و داب ونەریت و تەنانەت ئایین و مەزەبێکی تر کە هیچی لە هی خۆت ناچێت!

پیەر پرێشەر بە واتایەکی تر، لە بەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی ئەم و ئەو، فشارێکە کە لە ڕووی داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە ڕوو لە کەسێک دەکات و لە ڕووی دەروونییەوە دەبێتە فشار بۆ سەر کەسەکە. جا بۆ ئەوەی کەسەکە خۆی ڕزگار بکات لەو فشارە دەروونییە دەچێتە دەر لە کەسایەتی خۆی و لەبەر خاتری یان لە ترسی هاوکووفەکەی، یان هاوڕێکەی ، یان خزمەکەی، یان دۆستەکەی بەو بارەدا مامەڵە دەکاو قسە دەکاو بیرو بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت کە هی خۆی نین و لەوانەشە هەر باوەڕی پێیان نەبێ. بەڵام لەبەر خاتری خەڵک و کەسانیتر یان لە ترسی زمانیان واتە لەبەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی دەوروبەر بە شێوەیەک قسە دەکاو بە بارێکدا مامەڵە دەکا کە هی خۆی نییە. ئەمەش دووفاقییەک درووست دەکات لە کەسایەتی ئەو کەسەداو بە بارێکی تردا کەسایەتی کەسەکە دەخاتە بارێکی ناجێگیرو دەیشێوێنێت و لەو حاڵەتەشدا پێی دەگوترێت کەسایەتی پەشۆکاوو شێواوو ناجێگیرPersonality disorder

کەواتە پیەرپرێشەرPeer pressure ئەگەر فراونترو ڕوونتری بکەینەوە دەشتوانیین چەندین نموونەو شوێنیش باس بکەین کە کاریگەریی ئەو فشارەی تێدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. بۆ نموونە: ئەو فشارە دەروونییەی کە لەسەر کەسێک درووست دەبێت کاتێک کە دەیەوێت قسەیەک بکات و دەترسێت کە دەوروبەر بە کەیفێی نەبێ، یان هامەشۆی کەسێک بکات بەڵام لەولاوە کەسێکی تری هاوڕێی ئەو هامەشۆیەی بە کەیفێ نەبێ، یان جۆرێک لە جل و بەرگ یان ستایڵێکی تازە لەبەر بکات بەڵام دەترسێت کە لەولاوە هاوسێکەی یان هاوڕێکانی و هاوکوف و دۆستەکانی ئەو شێوە جل و بەرگ وستاییڵەیان لە لا باش نەبێ و… هتد. ئیتر دەتوانی دەیان نموونەی لەوبارەوە بهێنێتەوە.

ئەو فشارە کاتێک دەبێتە گرفتی گەورەو کەسەکان لە قاوغ و کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دێنێتە دەر کە بەرژەوەندی لەپشتەوە بێت! واتە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و شتی لەوبابەتە. تەنانەت بەرژەوەندی کاسەو دراوسێیەتیش ڕۆڵی کاریگەرو ڕاستەو خۆی لەو بارەوە هەیە! یاخود بەرژەوەندی شوێن و هاو گوندیی و هاو بەرەبابی و هاو خێڵ و هاو عەشرەتی و هاو قەبیلەیی..

هەندێک جاران تەنها لەبەردڵی دۆست و دوژمنە! جا یان تۆ دەتەوێت دڵخۆشیان بکەیت کە ئەمەیان بە کەمی ڕوودەدات یان تۆ دەتەوێت خەمبارو تووڕەیان بکەیت کە ئەمەیان زوو زوو ڕوودەدات. واتە تۆ کارێک دەکەی کە خۆت حەزت لێی نیە بەڵام تەنها بۆ ئەوە دەیکەی کە خەڵکی تر خەفەتی پێوە بخوات، یان بە پێچەوانەوە دڵخۆشیان بکەیت. واتە بۆ خودی خۆت نییە. بۆ نموونە : بە ژنەکەت یان بە مێردەکەت دەڵێیت دە توخوا با هەر تەنها لە ڕقی ئەوان بڕۆین بۆ مێرگە پان و یەک دوو ڕۆژ لەوێ بین و چەندین وێنەو ڤیدیۆی کەباب و گۆشتبرژاندن و دیمەنی جوانی ئەوێش بخەینە سەر فەیسبووک. ئەم هەموو پارە سەرفکردنە لە پێناو خۆشیی خۆیاندا نیە بەڵک و تەنها لەبەر ئەوەیە کە کەسانێک، کە دەگونجێت خزم و کەسی نزیکیش بن، خەفەتێ بخۆن! جاری واش هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەک لەدەست نەچێت و لەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیەکان کەسەکان بەشێوەیەک مامەڵەدەکەن کە هی خۆیان نییەو باوەڕیان پێی نییە!

هەر لەبەر ئەوەشە ئەو کەسەی کە ئەو فشارەی لەسەر درووست دەبێ و ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار کات و ناتوانێت وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ مامەڵەبکات و خۆی دەرخات لە قاوغی خۆی دەچێتەدەر. کەواتە کەسەکە، کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆشی لەدەست دەدا. هەروەها ئەوەی کە باوەڕی پێیەتی ناتوانێت بیڵێت، ئەو جل و بەرگەی کە ئارەزووی دەکات لەبەری بکات ناتوانێت لەبەری بکات، ئەو ڕاو بۆچوونەی کە خۆی هەیەتی و باوەڕی پێیەتی ناتوانێت دەریببڕێت یان هەیبێت. ئیتر ئەو کەسە لە خودی خۆی دەردەچێت، لە کەسایەتی خۆی دەردەچێت و دەبێتە کەسێکی تر و کارەکتەرێکی تری دەبێت کە بە ئارەزووی خۆی ناڕوا، ناخوا، جل لەبەر ناکات، قسە ناکات ، نادوێت، پێناکەنێت، هەڵناپەڕێت، گۆرانی ناڵێت. هەموو هەڵس و کەوتێکی بۆ ئەوەیە و لە پێناوی ئەوەدایە کە هاوکووفەکانی ڕازی بکات یان بۆ ئەوەەی لە خۆیان تووڕە نەکات و لێی دوور نەکەونەوە!

بە دیوێکی تردا پیەر پڕێشەر و فشاری هاوکووفەکان ئەوەیە کە بۆ ئەوەی کەسێک بیەوێت هاوکوفەکانی لەخۆی ڕازی بکات دەبێ کارێک بکات دڵیان گەردێ نەگرێت. یاخود دەبێ وا مامەڵە بکات کە هاوتەریب بێت لەگەڵ هاوکوفەکانی و جا با پێچەوانەی ئارەزووەکانی خۆی و پێچەوانەی خودی باوەڕەکانی خۆشی بێت. ئەوکاتە ئەوکەسە لەبەر خاتری خاتران و هاوکووفەکانی دەبێتە دژ و پێچەوانەی کەسایەتییە ڕاسیتەقینەکەی خۆی.

با نموونەیەکی سادە بێنینەوە لە سەر فشاری هاوکوفەکان یان فشاری لەبەر خاتری خاتران یان لە ترسی زمانی هاوکوفەکان یان فشاری ناسیاوێک لەسەر کەسێک کە هەندێک جار وەک فشاری دوولایەنەش دەردەکەوێت. ” مام فەرخەو مام عەلی هەردووکیان خۆشەویستن و جەماوەرو دۆستی خۆیان هەیە. بەڵام هەم مام فەرخەو هەمیش مام عەلی بە ئاشکرا یەکتریان ناوێت. نەک هەر ئەوەش بەڵک و زیاتر پێی لێ ڕادەکێشن.. بۆ نموونە مام فەرخە دەڵێ: هەر کەس منی دەوێت نابێ ببینم هامەشۆی مام عەلی بکات. درێژەی پێدەداو دەڵێت: ” بەخوا بۆم دەرکەوێت ئەمە ڕووبدات پشتاوپشتم بەلەعنەتیان دەکەم!” ئێ دەبەخوا (مام عەلی)یش لە مام فەرخە خەراپتر دەڵێ. جا تۆ دەتوانی ئەو نموونەیە بگوازیتەوە بۆ خواردن، جل و بەرگ، گۆرانی و شێعرو مۆسیقاو تەنانەت خوێندنەوەش. ئەدی پێت چۆنە و چ گریمانەیەک دەکەیت کە ئەگەر تۆ ئارەزووی خوێندنەوەی کتێبی نووسەرێک بکەی و وە بشزانی کە هاوکووفەکەت ڕقی لێیەتی؟

جا ئەگەر هات و کەسەکە بیەوێت لە خۆی دەرنەچێت و وەک و کە خۆی هەیە ئاهوا مامەڵەو هەڵس و کەوتی هەبێ، واتە هەموو کاتێک دەبێ شتێک بکات خۆی پێی باشەو لێی ڕازییە جا با دەوروبەرەکەشی پێی ڕازی نەبێ. ئا لێرەدا کەسەکە وەک و خۆی دەردەکەوێت و نابێتە کەس و کۆمەڵ و داب و نەریت و گەڕەکێکی تر. بەڵام ئەو خۆی پێی ڕازیە. بەڵام ئەگەر وا مامەڵەی کرد بۆ ئەوەی دەوروبەرو هاوکوفەکانی ڕازی بکات بەڵام خۆی نا ئەوە ئەوکات لە خودی خۆی دەردەچێت و دەبێتە هاوکوفەکانی.

بە بڕوای من مامەڵەی درووست وڕاستگۆیانە، هەرچەندە ئەنجامدانی کاریکی سەختیشە، دەبێ وەک ئەوەی کە خۆت باوەڕ پێی هەیەو دڵت پێی ئاوێ دەخواتەوە مامەڵە بکەی! دەبێ هاوکوفەکانیشت هەروا بکەن. ئەو کات هاوکوفەکانت و تۆش هەردووک لاتان وا مامەڵە دەکەن کە هەر کەسەو چۆن ئارەزوو دەکا و چۆن پێی خۆشە وا دەکا بە مەرجێک ئازار بە لاکەی تر و بە دەوروبەرو گەڕەکەکەی تر نەگەێنێت! ئەو کات هەردووک لا دەگەنە ئەو بڕوایەی کە هەردووکلا ڕاستن و کەسیان هەڵە نین و کەسیان ناجوان نین و کەسیشیان خەراپ ناڵێن! ئەو کات دەبێتە کۆمەڵگایەکی فڕە ڕەنگ و فرە را و فرە بۆچوون! هەمووش ڕێزی بۆ بەرامبەرەکەی دەبێت! کۆمەڵگا نابێت هەمووی وەک جوجەڵەی مریشک لە کارگە بێتەدەرو هەمووی وەک یەک بجریوێنێت و وەک یەکیش دەندووک لە خواردن بکوتێت و هەمووشی لە یەک بچێت! حەتمەن دەبێ جیاوازی هەبێ. ژیان بەجیاوازییەوە خۆشە. ئەگەرهەمووی وەک و یەک بیربکاتەوە، وەک و یەک گۆرانی بڵێت، وەک و یەک جل لەبەر کات، رەنگی وەک یەکی هەبێ، ئیتر من پێم وایە ئەو جۆرە کۆمەڵگایە لە کۆمەڵگای ئینسانی دەردەچێت و دەبێتە کارگەیەک کە ڕۆبۆتی بەرهەم هێناوە. ژیان لە کۆمەڵگایەکی وادا دەوەستێت و لەزەت و خۆشی تێدا نامێنێ.

کۆمەڵگای بەشەری کۆمەڵگایەکە کە ئینسان تێیدا دەبێ ببێتە چەق و مەبەست. یەک درێژە، یەک کورتە، یەک ڕەشە، یەک سپی، یەک تۆزێ لاواز و یەکێکیش لە هەیکەل و بیچما یەک تۆزێ گۆشتنو لە دین و مەزەب و بۆچوون و ڕاو بیرکردنەوەشدا هەر جیاوازە.. بەڵام هەمووی جوانە، هیچی ناشیرین و دزێو نییە. ناشیرینی و دزێوی شتی ڕێژەیین و لە دیدو تێڕوانینی جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئیسان هەمووی جوانە. کردارەکەیەتی ناشیرینی دەکات . تەنها کردارە کە ئازاری کۆمەڵگای ئینسانی و بەشەر دەدات وا لە ئینسانەکە دەکا کە ناشیرین و دزێوو بوغزێندرا و بوغزاوی دەربکەوێت لەناو کۆمەڵگادا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP