دواین هەواڵ

جیهان‌

 10/07/2024

دوو شانۆکاریی ڕووسیا بە ٦ ساڵ زیندانی سزادران

هەرێم نیوز

دوێنێ دووشەممە، شانۆکارە بەناوبانگەکانی ڕووسیا ئێڤجینیا بێرکۆڤیچ و سڤێتلانا پێتریچوک، سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا، بڕیارەکەی دادوەری ڕووسیا لەسەر داوای داواکاری گشتیی بوو.

دەرهێنەر ئێڤجینیا بێرکۆڤیچ تەمەن 39 ساڵ و شانۆنامەنووس سڤێتلانا پێتریچوک تەمەن 44 ساڵ، کە لە مانگی ئایاری 2023ەوە زیندانی کراون و لە بواری شانۆی ڕووسیادا زۆر بەناوبانگن، لە شانۆنامەیەکدا کە لە ساڵی 2020 پێشکەش کرا، تۆمەتبار کران بە "ڕەواجدان بە تیرۆر".

تۆمەتەکە پەیوەندی بە نمایشێکی شانۆییەوە هەیە کە لە ساڵی 2020 بەرهەم هێنراوە، باس لە ئافرەتانی ڕووس دەکات کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە لە سووریا بانگهێشت کراون، و دواتر ڕۆیشتوون بۆ ئەوەی بەمەبەستی هاوسەرگیریی پەیوەندییان پێوە بکەن. ئەو دوو هونەرمەندەش خۆیان بە بێتاوان دەزانن.

سڤێتلانا پێتریچوک، لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا لەبەردەم دادگادا گوتی: "لەم هۆڵەدا هیچ پاساوێک بۆ تیرۆر نییە" و ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجەکەی پێچەوانەیە.
کسێنیا کارپینسکایا، پارێزەری بێرکۆڤیچ، لەکاتی دەرچوونی لە دادگا، ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ دادگاییکردنێکی نایاسایی و نادادپەروەرانە بەڕێوە چوو، دادوەریش ناوبانگی پاڵەوانێکی بەدەست هێناوە، ئەم دوو ئافرەتە بەتەواوی بیتاوانن".

دەیان کەس لەبەردەم دادگا کۆبوونەوە و چاوەڕێی بڕیارەکە بوون، لەنێویاندا دیمیتری موراتۆڤ، سەرنووسەری ڕۆژنامەی "نۆڤایا گازێتا"، کە لە ساڵی 2021 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەست هێنا و دەسەڵاتداران بە بریکاری بیانی وەسفیان کرد.

بێرکۆڤیچ پێش دەستگیرکرانی، بە ئاشکرا دژی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا قسەی کرد و زۆر کەس دەستگیرکردنی ئەویان بەستەوە بەو هەڵوێستەوە.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، "تۆمەتەکان زۆر گاڵتەجاڕانەن، ئەمەش لە چوارچێوەی دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە و تۆڵەسەندنەوە دەچێت" لە دژی بێرکۆڤیچ، کە ڕەخنەی لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا گرت و ئیدانەی کرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP