دواین هەواڵ

ئابوری‌

 10/07/2024

زاخۆ؛ تا ئێستا 280 پڕۆژە جێبەجێ کراون

هەرێم نیوز

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی  حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گرینگی تایبەت بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دراوە، دەشڵێت، تا ئێستا 280 پڕۆژە جێبەجێ کراون و زاخۆ تەواو گۆڕاوە و متمانەی تەواو لە نێوان خەڵک و حکوومەت دروست بووە.

ئەندازیار ھێژا محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندووە، لە ماوەی ئەم پێنج ساڵە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر و تایبەتی بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دراوە، تا ئێستا 280 پڕۆژە لە زاخۆ جێبەجێ کراون.

دەشڵێت، پرۆژەکانیش ھەموو سێکتەرەکانی گرتووەتەوە، وەکو ئاو، کارەبا، پەروەردە، رێگاوبان، تەندروستی، گەشتوگوزار و ھەموو کەرتەکانی دیکە، بۆیە ئێستا سیمای زاخۆ بەراورد بە ڕابردوو بەتەواوی گۆڕاوە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرینگ و بەردەوام گەشتیاری زۆر ڕووی تێ دەکات، بەهۆی هاتنی گەشتیار و پڕۆژەکانیشەوە، زۆر دەرفەتی کار بۆ خەڵکی زاخۆ ڕەخساوە و ئێستا پلان ھەیە بۆ ئەوەی زاخۆ زیاتر لەوەی ئێستا پێشبخرێت و زیاتر خزمەتی بکرێت.

وتیشی، ئەگەر ئێمە تەنیا نموونە بە دروستکردنی ڕێگاوبان بێنینەو، لە زاخۆ 80%ی ڕێگا ناوخۆییەکان دروستکراون، ئەوەی ماویشە کاری بۆ دەکرێت، ئەمەش بووەتە جێگەی دڵخۆشی خەڵکی زاخۆ و متمانەیان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕوونیشی کردەوە، ئێستا بەھۆی ئەو گرینگی دانەی کابینەی نۆیەم بە زاخۆ خەڵک زۆر ھاوکارە لەگەڵ حکوومەتی خۆجێیی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، چونکە متمانەیەکی زۆر باش لە نێوان خەڵک و حکوومەت دروست بووە و دەزانن حکوومەت بە کردار خزمەتی زاخۆی کردووە، ئێستا لە بواری گەشتوگوزار پڕۆژەی قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆش لە بواری جێبەجێکردن دایە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر ھەردوو کەرتی گەشتوگوزار و وەبەرھێنان زۆر گرینگی پێ نەدەدرا، بەڵام بەھۆی ئەو پێشکەوتنانەی لە زاخۆ ھاتوونەتە ئاراوە وەبەرھێنەریش دێن، دەیانەوێت پڕۆژەی جۆراوجۆر لەبورای وەبەرھێنان لە زاخۆ ئەنجام بدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP