دواین هەواڵ

ئابوری‌

 09/07/2024

موچەى مانگى شەشى فەرمانبەران خرایەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایی

هەرێم نیوز

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان رایگه‌یاند، بڕی 421 ملیارو 760 ملیۆن دینار خرایه‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی دارایی. 

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشەممە، بڕی 421 ملیار و 760 ملیۆن دینار وه‌ك به‌شێك له‌شایسته‌ی موچه‌ی مانگی6ی 2024ی فه‌رمانبه‌رانی شارستانی هه‌رێمی كوردستان خرایه‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری له‌ لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندی عێراق.

ئەمەش لەکاتێکدایە، 4ی 7 وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری رایگه‌یاند، 231 ملیار و 605 ملیۆن و 531 هه‌زار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی (حوزەیران/6)ی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

 ڕۆژی یەکشەممە 7ی 7 وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ستی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌و توێژانه‌ كرد كه‌ موچه‌كانیان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌كرا.

لەبارەى چارەسەرى کێشەى لیستى موچەى هێزە ئەمنییەکانیشەوە کە تا ئێستا موچەى مانگەکانى 5 و 6یان وەرنەگرتوە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند؛ لیژنەیەک لە چاودێرى دارایی عێراق هاتونەتە هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى ئەو کێشانەى لە لیستى هێزە ئەمنییەکاندا هەیە و لەم دوو سێ رۆژەدا کێشەکە چارەسەر دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP