دواین هەواڵ

جیهان‌

 08/07/2024

سوپای ئیسرائیل: ئامانجێکی گوماناویمان لە ئاسمانی لوبنان لەناو برد

هەرێم نیوز

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بە سەرکەوتوویی ڕێگری لە "ئامانجێکی ئاسمانیی گوماناوی" لە ئاسمانی لوبنان کردووە و جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجەکە "نەگەیشتووەتە ئاسمانی ئیسرائیل".

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی تەمموزی 2024، ڕایگەیاند، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بە سەرکەوتوویی ئامانجێکی ئاسمانیی گوماناوی لە لوبنان لەناو برد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانجەکە نەگەیشتووەتە ئاسمانی ئیسرائیل و ئاگادارکەرەوەکانیش بەپێی پرۆتۆکۆل لێ نەدراون.

لە چوارچێوەی هێرشە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولادا، دوێنێ یەکشەممە، حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە نۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەتیان لە دژی سوپای ئیسرائیل لە سنووری لوبنان و فەڵەستین کردووە و کوژراو و قوربانییەکانی نێوان سەربازانی سەلماندووە.

ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی شەڕی دژی حزبوڵلا ناوێت، بەڵام ئەگەر ڕوو بدات، بەهەموو هێزیانەوە شەڕدەکەن. لەوبارەیەوە ئیسرائیل گاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەر حزبوڵلا بوێری ئەوە بکات شەڕی فراوانیان دژ هەڵگیرسێنێت، ئەوە ئامادەن و بەهەموو توانایانەوە لەو گروپە دەدەن.

بەرپرسانی ئیسرائیل سوورن لەسەر دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی حزبوڵلا لە سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەیان، هەروەها گەڕاندنەوەی ئەو جووانەی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی هەڕەشەکانی حزبوڵلا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە جا بە چارەی سیاسی بێت یاخود بەشەڕ.

مەترسی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا بەجۆرێکە کە هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان کە بە یونیفێل ناسراون، هۆشداریی لە لەکۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخەکە دەدەن.

وڵاتانی جیهانیش یەک لەدوای یەک لەژێر ڕۆشنایی ئەو دۆخە ئەمنییەی لوبنانی گرتووەتە داوا لە هاووڵاتییەکانیان دەکەن ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن، کە دواترینیان سعوودیەیە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بۆ ڕێگریی لەو شەڕە، بەردەوامە و دواین هەوڵیش پەیوەندیکردنی ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە عەلی باقری کەنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕی حزبوڵلا و لوبنان.

لە7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە ئیسرائیل و حزبوڵلا بەردەوام پێکدادانی سنوورداریان هەبووە، بەڵام ئێستە مەترسیی هەیە ئەو پێکدادانە بۆ شەڕی فراوان بگۆڕدرێن، لە وەها دۆخێکیشدا گروپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، یەمەن و سووریا هەڕەشەی چوونە شەڕی ڕاستەوخۆ دژی ئیسرائیل و پاڵپشتیکردن لە حزبوڵلا دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP