دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

حكوومه‌تی تاڵیبان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئافره‌ت كه‌م ده‌كاته‌وه‌

هەرێم نیوز

حكوومه‌تی تاڵیبان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئافره‌ت له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت كه‌م ده‌كاته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وان له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2021ـوه‌ ناچار كراون نه‌چنه‌ سه‌ر كاره‌كانیان و له‌ ماڵه‌وه‌ن.

دوای ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانی له‌ ئابی 2021ـدا گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تێكی نوێی پێك هێنا، ڕێگری له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئافره‌ت له‌ كه‌رتی گشتیدا گرت له‌ ئه‌رك و فه‌رمانبه‌ریه‌تییدا به‌رده‌وام بن، هاوكات مووچه‌كانیانی بۆ خه‌رج كردوون.

له‌م باره‌وه‌ ئه‌حمه‌د والی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌فغانستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و ئافره‌تانه‌ی فه‌رمانبه‌رن و له‌وه‌ته‌ی ئابی 2021ـوه‌ نه‌چوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان، مووچه‌كانیان ده‌گاته‌ 70 دۆلاری مانگانه‌.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باسیان له‌وه‌ كردووه‌، بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌، 10 هه‌زار ئافره‌ت ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش بارودۆخێكی ناله‌باری ئابووری بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ و خانه‌واده‌كانیان ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌.

بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانی له‌وه‌ته‌ی له‌ ئابی 2021ـوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌فغانستان و حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی پێك هێناوه‌، ڕێگری له‌ كچان و ئافره‌تانی وڵاته‌كه‌ كردووه‌ بچنه‌ قوتابخانه‌كانی ناوه‌ندیی و زانكۆكان، هه‌روه‌ها ڕێگریان لێ ده‌كات جلوبه‌رگی جوان و ڕازاوه‌ بپۆشن و به‌شداری له‌ بۆنه‌كان و هۆڵه‌كانی یاری و چالاكییه‌كان بكه‌ن، هاوكات فه‌رمانی پێ كردوون له‌ كاتی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان و چوونیان بۆ شوێنه‌ گشتییه‌كان داپۆشراو بن.

حكوومه‌تی تاڵیبان مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2023 مه‌ڕسوومێكی ده‌ركرد، كه‌ به‌هۆی ئه‌و مه‌ڕسوومه‌وه‌ هه‌زاران ئارایشتگه‌ی ئافره‌تان كه‌ له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن و تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی زۆربه‌ی خێزانه‌كانیانی له‌سه‌ر بوو‌، داخران.

له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌ممووزی 2023ـدا ده‌یان ئافره‌تی ئه‌فغانی كابولی پایته‌خت گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان له‌ دژی بڕیاره‌كه‌ ئه‌نجام دا، له‌ به‌رانبه‌ریشدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكوومه‌تی تاڵیبان ته‌قه‌ی ئاسمانییان كرد و ئاوپڕژێنیان كردن بۆ ئه‌وه‌ی بڵاوه‌یان پێ بكه‌ن و كۆتایی به‌ گردبوونه‌وه‌كه‌یان بهێنن.

ئافره‌تانی ئه‌فغانی له‌ بڕیاره‌كه‌ و ڕه‌فتاری ده‌سه‌ڵاتدارانی تاڵیبان نیگه‌ران بوو و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردبوو، تاكه‌ شوێنێك له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ وڵات بتوانن لێی كۆببنه‌وه‌، ئارایشتگه‌كان بووه‌، له‌لایه‌ك داهاتێكی بۆ خاوه‌نه‌كانیان دابین ده‌بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌یش چاویان به‌یه‌كدی ده‌كه‌وێت و چێژ له‌ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانیان وه‌رده‌گرن.
ڕۆژی 25ـی ته‌ممووزی 2023، سه‌دان ئارایشتگه‌ له‌ كابۆل و شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌فغانستان داخران، خاوه‌نی یه‌كێك له‌ ئارایشتگه‌كان گوتووتبووی، په‌نجه‌مۆر و واژۆیان پێ كردبوون و به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕكردبوونه‌وه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئارایشتگه‌كه‌ی دابخات. هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشابوو‌، له‌ كاتی داخستنی ئارایشتگه‌كه‌یدا هێزێكی زۆری سه‌ربازی چوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ت بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ری دوژمنی ببه‌ن.

پێشتریش له‌ مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2023، وه‌زاره‌تی "فه‌رمان به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه"‌ داخستنی به‌زۆری ئارایشتگه‌كانی ئه‌فغانستانی ڕاگه‌یاند، هاوكات مۆڵه‌تی به‌ خاوه‌نه‌كانیان دا كه‌ تاوه‌كوو كه‌رسته‌كانی ناوی ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌، شوێنه‌كانیان به‌ كار بهێنن.

ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌تی تاڵیبان نزیكه‌ی 60 هه‌زار ئافره‌تی بێكار كرد و 12 هه‌زار ئارایشتگه‌یش له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌فغانستان داخران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP